کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق خاوەنی پەیوەندییەکی مێژوویین کە پشت بە چەندین هۆکاری سەرەکی دەبەستێت. هەر دوو لا ئەزموون و هاوکاری هاوبەشیان لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی بەعسی ڕووخاودا هەبووە. پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان تاران و هەولێر بە تایبەت لە پاش گۆڕانکارییەکانی ساڵی 2003 ی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی یەکگرتوودا بەهێز بووە. ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی بەرچاو لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا هەیە و لە بواری کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریش پەیوەندییەکان هەموو کات بەهێز و ڕوو لە گەشەسەندن بووە.
بێگومان ئەم پەیوەندییانە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان بووە. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو کات خۆیی بە پشتیوان و یارمەتیدەری کوردانی عێراقی زانیوە و لە قۆناغە جیاجیاکاندا ئەم نیازپاکییەی خۆیی سەلماندووە. بە تایبەت لە قۆناغی شەڕی دژ بە داعش و ئەو کاتەی هەولێر کەوتبووە بەر هەڕەشەی ئەم گرووپە تیرۆریستییە، کۆماری ئیسلامی ئێران و کەسایەتی و فەرماندەی شەهید، حاجی قاسم سولەیمانی وەک یەکەم کەس هاوکاری برایانی کوردی عێراقییان کرد و ئەم هاوکارییەش بووە هۆی لەناوچوونی هەڕەشەکانی داعش و پاشەکشەی تیرۆریستان لە نزیک هەولێر.
ئەم پەیوەندییانە بە پێی گۆڕانکارییەکان و پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە، دەکرێت بەرەو گەشەسەندنی زیاتر ببرێت. بۆ ئەمەش کۆماری ئیسلامی ئێران کەسێکی وەک سەرکۆنسووڵی نوێی خۆی لە هەولێر دەستنیشان کردووە کە ئەوەی تێدا دەبیرنێت هاندەر و بەرەوپێشبەری پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان بێت.
بەڕێز فەرامەرز ئەسەدی کوردە و خەڵکی کرماشانە، ئەزموونێکی زۆری لە کارکردن لە گەڵ کەسایەتی و حیزب و لایەنە کوردییەکانی عێراقدا هەیە، وەک شارەزایەکی کاروباری عێراق دەناسرێت، ساڵانێک لە کۆنسووڵخانەی ئێران لە سلێمانی چالاکی کردووە و لە هەمووش گرنگتر ئیرادەیەکی بەهێزی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای ڕێزی بەرامبەر و بەرژەوەندی هاوبەش هەیە. هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت بوونی بەڕێز ئەسەدی لە هەولێر وەک دەرفەتی بەردەم هەر دوو لا بۆ گەشەسەندنی زیاتری پەیوەندییەکان بێت.
ڕەزا ڕەحمەتیان
بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی جام کوردی