بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرپرسانی فەرماندەیی باشور لە سوپای داگیرکاری ڕژێمی زایۆنیستی ڕایانگەیاندووە کە حەماس لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا 4 هەزار چەکداری نوێی بۆ باڵی سەربازیی خۆی بە ناوی کەتیبەکانی قەسام وەرگرتووە.
ماڵپەڕی عیبری والا ڕایگەیاندووە کە بەرپرسە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لەو بڕوایەدان کە حەماس بە شێوەیەکی نامۆ و شاراوە درێژە بە چالاکییەکانی دەدات و چەکدارانی نوێ لە ژێر مەشق و ڕاهێنانی فەرماندە نوێیەکانی حەماسدا خۆیان لە گەڵ دۆخی غەززە دوگونجێنن و لە گەڵ ئەو فەرماندانەی کە سوپا لە تیرۆرکردنیان سەرکەوتوو نەبووە، شەڕ دەکەن.
ئەو بەرپرسانەی سوپای زایۆنیست ڕایانگەیاندووە کە سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس درێژە بە چالاکییەکان لە غەززە دەدەن و هێزەکانی ئەم بزوتنەوەیە خۆیان لە گەڵ دۆخی شەڕ گونجاندووە و لە هەندێک ناوچەش هێڵی بەرگری نوێ درووستکراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە رۆژنامەی العربی الجدید لە 17 ی تشرینی دووەمی ڕابردوودا لە سەر زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە فەرماندەیی حەماس ڕایگەیاند کە ئەم بزوتنەوەیە بۆ دووەم جار لەم شەڕەدا هێزی نوێی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داگیرکاران وەرگرتووە./.