بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان ڕۆژی پێنج شەممە 19 ی کانوونی یەکەمی 2024 ، لە کۆبوونەوەی لوتکەی دی 8 کە لە وڵاتی میسر بەڕێوەچوو، پێشنیاری ئەوەیکرد کە وڵاتانی ئەندام بە مەبەستی خۆڕاگری لە بەرامبەر کێشە و قەیرانە ئابوری و داراییەکان، کەڵک لە تەکنۆلۆژیای نوێی و پێشکەوتوو وەربگرن.
ناوبراو وێڕای دەستخۆشی لە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر بە بۆنەی میوانداری لە یانزەیەمین کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە گرووپی دی 8 وتی: هیوادارین لە ماوەی سەرۆکایەتی میسر لەم گرووپەدا، وەك وڵاتێکی خاوەن مێژوو و شارستانیەتییەکی کۆن، گەشە و پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی وڵاتانی ئەندام بە تایبەت لە بواری ئابوری و زیاتربوونی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکاندا ببینین.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە بارودۆخی ناوچەکە بە هۆی تاوان و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە، وتی: ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا زیاتر لە 14 مانگە، بە تایبەت غەززە، لوبنان و ئێستاش سوریا، کەوتوونەتە بەر شەپۆلی بۆردومان و هێرش و دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و خەڵکی مەدەنی بە تایبەت ژنان و منداڵان بە دڕندانەترین شێواز کۆمەڵکوژ دەکرێن. ئێستاش ئەرکی سەرشانی ئایینی، یاسایی و مرۆیی ئێمەیە کە بە هاوکاری و یەکگرتوویی زیاتر و جێبەجێکردنی هەنگاوی بەپەلەی کرداری، ڕێگری لە زیاتربوونی زیانەکانی ئازیزانمان لەو ناوچانە بکەین کە تووشی قەیران بوون.
پزیشکیان ڕایگەیاند کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتانی ئەندام لە گەڵ ئاسۆی دیاریکراوی 2030 یەکناگرێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی سەرۆکایەتی میسردا جوڵەی بەرچاو و خێرای پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان ببینین./.