بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران شەوی پێنج شەممە 19 ی کانوونی یەکەمی 2024 لە چاوپێکەوتنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، بە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی سوریا جەختی لە سەر پێویستی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە کردەوە و وتی: هەر گۆڕانکارییەک لە سوریا دەبێت لە سەر بنەمای پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە بێت و کەمترین زیانێک لە سەر یەکپارچەیی سوریا بە هیچ شێوازێک قبووڵکراو نابێت.
ناوبراو لە درێژەدا جەختی لە سەر ڕاگرتنی بەپەلەی دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکە کردەوە و بە وەبیرهێنانەوەی بەرپرسیارێتی سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی لەم بوارەدا، وتی: وڵاتانی ئیسلامی دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تاوان و دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکە، ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و ئەگەر لە نێوان موسڵمانان و وڵاتانی ئیسلامیدا یەکگرتوویی هەبێت، ئەو ڕژێمە توانای ئەم هەموو تاوانەی نییە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکان بە تایبەت ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی لە نێوان وڵاتانی ئیسلامی بە پێویست ناو برد و وتی: وڵاتانی ئیسلامی خاوەن دەفرایەتییەکی زۆرن و لە ئەگەری گرتنەبەری میکانیزمی هاوبەش وەک دراوی هاوبەش و چالاککردنی ئاڵوگۆڕی کاڵا بە کاڵا دەتوانن پەرە بە پەیوەندییەکان بدەن و لەم پێناوەشدا ڕۆڵی ئێران و تورکیا بەرچاو دەبێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاش پاراستنی سەقامگیری و یەکپارچەیی خاکی سوریای بۆ وڵاتەکەی بە گرنگ ناو برد و هیوای خواست بە هاوکاری ئەنکەرە و تاران هەر چی زووتر ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا جێگیر بکرێت./.