بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێشتر عێراق بە هۆی کردەوە تیرۆریستییەکانەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەبومحەممەد جۆلانی سەرکردەی دەستەی تەحریری شام دەرکردووە. ئێستا ناوبراو بە ڕووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بە دەسەڵاتی سوریا گەیشتووەتە و فەرمانی دەستگیرکردنەکەی بووەتە کێشەیەکی یاسایی بۆ دەسەڵاتدارانی عێراقی.
محەممەد جومعە شارەزای کاروباری یاسایی لە عێراق سەبارەت بە فەرمانی دەستگیرکردنی ئەبومحەممەد جۆلانی لەم وڵاتەدا ڕایگەیاندووە کە بڕیاری لێبوردنی گشتی تەنیا بۆ عێراقییەکانە نە کەسانی بیانی و بە پێی ئەوەی کە ئەحمەد شەرع سورییە نەک عێراقی، بەدەر لەو تاوانانەی کە پێی تۆمەتبار کراوە، یاسای لێبوردنی گشتی نایگرێتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە فەرمانی دەستگیرکردنی ئەحمەد شەرع کە لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری عێراقەوە دەرکراوە، دەزگا ئەمنییەکانی ئەم وڵاتە لە ئەگەری گەیشتنی ناوبراو بە پۆستێکی فەرمی لە حکومەتی نوێی سوریا، ڕوبەڕوی کێشە دەکاتەوە.
محەممەد جومعە ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ئەحمەد شەرع ببێتە سەرۆک کۆماری سوریا، پارێزبەندی دیپلۆماتیک دەیگرێتەوە و دەستگیر ناکرێت. بە پێچەوانەی ئەمەشەوە، حکومەتی بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە گەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا لە هەلومەرجێکدا کە یەکێک لە بەرپرسانی باڵای لە لایەن دەزگای دادوەری عێراقەوە داواکراوە، تووشی کێشە دەبێت.
ئەبومحەممەد جۆلانی لە کاتی ئامادەبوونی لە عێراق وەک ئەندامێکی گرووپی تیرۆریستی قاعیدە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە دەستگیر کرا بەڵام پاش ماوەیەک ئازاد کرا و عێراق هیچ پەیوەندییەکی بەم دۆسیەوە نەبوو و فەرمانێکی دادوەریشی بۆ دەرنەکرا. بەڵام دواتر ژمارەیەک لە زیندانییەکان چەندین تۆمەتی تیرۆریستییان لە دژی جۆلانی خستەڕوو و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا، ئەڵبەت هیچ حوکمێکی دەزگای دادوەری عێراق لە سەر ناوبراو دەرنەکراوە.
ئەحمەد شەرع (ئەبومحەممەد جۆلانی) ئەوەی ڕەتکردووەتەوە کە بەشداریی لە شەڕ و پێکدادانەکانی عێراقدا کردبێت و ڕایگەیاندووە کە دەستەی تەحریری شام کە ناوبراو سەرکردایەتی دەکات، ساڵانێک پێش ئێستا سەرجەم پەیوەندییەکانی لە گەڵ قاعیدە پچڕاندووە.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە بە پێی بەرژەوەندییە باڵاکانی سوریا هەڵسووکەوت دەکات و هیچ پەیوەندییەکی بە ڕێکخراو یان لایەنێکی بیانییەوە نییە.
دەستەی تەحریری شام ساڵی 2016 پچڕانی پەیوەندییەکانی لە گەڵ قاعیدە ڕاگەیاند و لەو کاتەوە تا ئێستا بە ڕواڵەت خۆی وەک هێزێکی میانەڕۆ پیشان دەدات./.