بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا پرسی فراوانتربوونی هێرشەکانی ئەنساروڵڵای یەمەنی بۆ ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین تاوتوێ کردووە و ڕایگەیاندووە کە تەل ئەبیب تەنانەت بە پشتیوانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕاگرتنی هێرشەکانی یەمەندا شکستی هێناوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئیسرائیل زانیاری وردی لە سەر شوێنی سەرکردەکان و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی ئەنساروڵڵای یەمەن نییە و ناتوانێت ئەوان ڕابگرێت.
نیۆیۆرک تایمز بە ئاماژە بە چەندین هێرشی یەمەنییەکان بۆ سەر ڕژێمی زایۆنیستی لە پاش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا و دەستپێکردنی شەڕی غەززە، ڕایگەیاندووە کە ئەنساروڵڵا لە هەفتەی ڕابردوودا هەر شەو بە مووشەکی بالستی پێشکەوتوو هێرشی کردووەتە سەر زایۆنیستەکان و بە ملیۆنان کەسی ڕەوانەی پەناگەکان کردووە.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هێرشە بەربڵاوەکەی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعا نەبووەتە هۆی پاشەکشەکردنی یەمەنییەکان و شەوی هەینی و شەممەی ڕابردوو بە دوو مووشەکی بالستی هێرش کرایە سەر پێگەی هەستیارەکانی ئەو ڕژێمە.
لەو ڕاپۆرتەدا بە ئاماژە بە خۆڕاگریی یەمەنییەکان لە بەرامبەر چەندین ساڵ شەڕی سەپێندراوی سعوودیە و ئیمارات، هاتووە کە ئەنساروڵڵا ئەمجارەش لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و ڕژێمی زایۆنیستی خۆڕاگرییەکی کەم وێنەی کردووە و بەردەوام بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بەریتانیای بە تایبەت لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج و هێرشی سەرکەوتووشی بۆ سەر ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین هەبووە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەگەر ئیسرائیل توانای لەناوبردنی ئەنساروڵڵای یەمەنی هەبوو، زووتر ئەوەی دەکرد بەڵام شارەزایانی سەربازی دەڵێن یەمەنییەکان لە شەڕی دژ بە تەل ئەبیب هاوکێشەکانیان تووشی گۆڕانکاری کردووە./.