بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عۆمان کە سەردانی تارانی کردووە لە گەڵ سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووە.
پاش کۆبوونەوەکە، هەر دوو وەزیر بەشداری کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: پەیوەندییەکانی ئێران و عۆمان لە بوارە جیاجیاکاندا بەرەو گەشەسەندن دەڕوات و ئێمە بەردەوام ڕاوێژمان پێکەوە هەبووە.
سەید عەباس عێراقچی وتی: سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان وتووێژ کرا. مانگی داهاتوو کۆمیسیۆنی هاوبەشی هەر دوو وڵات لە مەسقەت بەڕێوە دەچێت. ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان زیاتر بووە.
ناوبراو وتی: سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە بە تایبەت غەزززە و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەوەی کە بە گشتی لەناوچەکەدا دەگوزەرێت، وتووێژمان کرد، هەروەها دۆخی سوریا و دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر ئەم وڵاتە تاوتوێ کرا.
عێراقچی وتی: سەبارەت بە سوریا جەختمان لە سەر پاراستنی یەکپارچەیی خاک، نەبوونی دەستێوەردانی دەرەکی و ڕێزگرتن لە سەرجەم لایەنەکان و پێکهاتەکان کردەوە. هەڵوێستەکانمان لە گەڵ عۆمان هاوبەشە، ئێمە داوای ئاسایش و سەقامگیری بۆ سوریا دەکەین.
وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە یەمەنیش وتی کە بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ کراوە و ئیدانەی هێرشەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی کرا و جەختیشمان لە سەر یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە کردەوە.
لە درێژەی ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عۆمان وێڕای گەیاندنی سڵاوی سوڵتان و گەلی وڵاتەکەی، خۆشحاڵی خۆی لەم سەردانە دەربڕی و ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەیەکی بەرهەمداری لە گەڵ عێراقچیدا هەبووە.
ناوبراو وتی: بۆ من جێی شانازییە کە پەیامی سوڵتانی عۆمانم بۆ برای خۆی بەڕێز پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران هێناوە، ئەم پەیامە لە چوارچێوەی بەردەوامی ڕاوێژ و جەختکردەوە لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتە، هەروەها جەختکردنەوەیە لە سەر گرنگی کار و هەوڵەکان بە شێوازێک کە بەرژەوەندییەکانی هەر دوو گەل و ناوچەکە مسۆگەر ببێت.
بەدر بوسەعیدی سەبارەت بە سوریا وتی: وەک ئێران پشتیوانی لە نەبوونی دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری سوریا دەکەینەوە. جەخت لە سەربەخۆیی و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکەینەوە، لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس بۆ مسۆگەربوونی ئەم ئامانجە هەوڵ دەدەین، هەوڵێک کە پشتیوانی لە سەربەخۆیی سوریا دەکات./.