بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن هانیزادە سەبارەت بە کەسایەتی شەهید حاجی قاسم سولەیمانی و ڕۆڵی بەڕێزیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا وتی: شەهید سولەیمانی لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی هەر دوو بواری سیاسی و سەربازی جیهانی ئیسلامی لە یەک سەدەی ڕابردوودا بووە. ڕۆڵی حاجی قاسم لە گۆڕینی هاوکێشەکانی ناوچەکە لە بەرژەوەندی گەلان بە تایبەت گەلی فەڵەستین بەرچاو بووە و لە سێ دەیەی ڕابردوو بە پێی ئەو بیرکردنەوەیە، چەمکێکی نوێی لە بواری پەیوەندییەکانی ئێران و جیهانی دەرەوە هێنایە پێشەوە کە ئەویش دانانی گۆڕەپان لە خزمەتی سیاسەتدا بوو.
ناوبراو وتی: بە پێی دەسکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرەنگاربوونەوە و سەرکوتکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکە، پێگەی تاران لە هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بەرز کرایەوە و لە ئێستادا چەمکێک لە کەلتوری سیاسی جیهاندا درووست بووە و ئەویش دابینکردنی بەستێنی گۆڕەپانە بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە سیاسییەکانی ئێران بۆ هەر چالاکییەک لە بواری ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
هانیزادە جەختی لە سەر کاریگەری رۆڵی شەهید سولەیمانی لە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کردەوە و وتی: دوژمنانی ئێران ساڵانێک بەدواداچوونی وردیان بۆ چالاکی و جموجوڵەکانی شەهید سولەیمانی دەکرد، ئەوان وایاندەزانی کە بە تیرۆری شەهید سولەیمانی، ئێران و بەرەی خۆڕاگری لاواز دەبێت، هەربۆیە بڕیاری تیرۆرکردن دەرکرا، بەڵام مەکتەب و هەڵسووکەوتی شەهید سولەیمانی بووەتە نموونەیەک بۆ گەلانی موسڵمان و بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
ئەو شارەزا سیاسییە سەبارەت بە دۆخی سوریاش وتی کە بەرەی خۆڕاگری زیندووە و بە کەڵک وەرگرتن لە مەکتەبی شەهید سولەیمانی درێژە بە ڕێگاکەی دەدات./.