بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حاییم ڕامون وەزیری پێشووی ڕژێمی زایۆنیستی وتی: دەسکەوتەکانی سوپای ئیسرائیل لە گۆڕەپانەکانی دەرەوەی غەززە قووڵایی شکست لەم ناوچەیە پیشان دەدات، لە بەر ئەوەی کە سوپا لە گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکەی شەڕ، واتە لەناوبردنی حەماس شکستی هێناوە.
ناوبراو وتی: سەرەڕای ئەوەی کە حەماس بووەتە ئامانجی هێرشێکی بەرفراوان و دوو سەرکردەی، واتە ئیسماعیل هەنیە و یەحیا سینوار و هەزاران کەس لە ئەندامان و هێزەکانی کوژراون، بەڵام هێزی سەربازیی هێشتا بەردەوامە لە چالاکی و حکومەتە مەدەنییەکەشی لە سەرتاسەری غەززە بوونی هەیە.
ئەو وەزیرەی پێشووی ڕژێمی زایۆنیستی وتی: حەماس هێشتا کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە دەکات کە سوپای ئیسرائیلیان تێدا نییە، هێزی سەربازیی هەیە و 100 دیلی لایە و شەڕێکی کاریگەر لە دژی هێزەکانی ئیسرائیل دەکات.
ڕامون بە ئاماژە بە توانای حەماس بۆ هێرشی مووشەکی لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: تا ئەم هەفتەیە هێرشە مووشەکییەکان لە کەرتی غەززەوە بەردەوام بووە وەک بڵێی ئەم 15 مانگە شەڕمان لەم ناوچەیەدا نەکردووە.
ناوبراو وتی: شەڕ لە کەرتی غەززە، شکستێکی قورسی ستراتیژییە و ئەنجامی پلانێکی هەڵە و لاوازبوونی سەرکردایەتی سیاسی و سەربازی لە وانەوەرگرتن و گرتنەبەری پلانێکی ستراتیژی جێگرەوە بووە./.