بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی لە چاوپێکەوتنی تایبەت لە گەڵ کەناڵی cctv ی چین وتی: بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی ناوەکی ئامادەییمان هەیە، زیاتر لە دوو ساڵ لە گەڵ وڵاتانی 1+5 بە نیازپاکییەوە دانوستانمان کرد و لە ئاکامدا گەیشتینە ڕێکەوتنێک کە جیهان ستایشی ئەو ڕێکەوتنەی وەک دەسکەوتێکی دیپلۆماسی کرد.
ناوبراو وتی: ئێمە بە نیازپاکییەوە ئەو ڕێکەوتنەمان جێبەجێ کرد بەڵام ئەوە ئەمریکا بوو کە بڕیاریدا بە بێ هیچ هۆکار و پاساوێک لەو ڕێکەوتنە بکشێتەوە و هەلومەرجەکە گەیشتە ئەم قۆناغە.
عێراقچی وتی: بەردەوام ئامادەیی ئەوەمان هەیە سەر لە نوێ بچینە دانوستانێکی بەرهەمدارەوە بە بێ دواکەوتن، دانوستانێک کە بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێکەوتن بێت.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەو شێوازەی لە لایەن ئێمەوە جەختی لە سەر دەکرێتەوە، هەمان شێوازی دانوستانەکانی پێشووی ڕێکەوتنی ناوەکییە، واتە دابینکردنی متمانە لە سەر دۆسیەی ناوەکی لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزا و گەمارۆکان، لە سەر ئەم بنەمایە ئامادەی دانوستانین.
عێراقچی وتی: لە گەڵ وڵاتانی ئەورووپی جارێک دانوستان کراوە و جاری دووەم لە ماوەی 2 هەفتەی داهاتوودا لە گەڵ سێ وڵاتی ئەورووپی دانوستان دەکرێتەوە.
ناوبراو وتی: سەبارەت بە ئەمریکا ئاساییە کە حکومەتی نوێ دەبێت سیاسەتی خۆی دابڕێژێت و ئێمەش لە سەر ئەوە بڕیار دەدەین. چین و ڕووسیا دوو ئەندامی کارای دانوستانەکان لە ڕابردوودا بوون و لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەردەوام دەبێت درێژە بە ڕۆڵی داهێنەرانەی خۆیان لە دانوستانەکاندا بدەن، ئەمە خواست و ئیرادەی ئێمەیە.
کشانەوە لە ڕێکەوتنی ناوەکی هەڵەیەکی ستراتیژی و گەورەی ئەمریکا بووە
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: لە ساڵی 2015 تا ئێستا، واتە لە ماوەی 10 ساڵدا، گۆڕانکاری زۆر ڕوویداوە. کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی، هەڵەیەکی ستراتیژی و گەورەی ئەمریکا بووە و کاردانەوەی ئێرانی بە دوای خۆیدا هێنا. ئەڵبەت سزاکانی ئەمریکاش زیاتر بوو. لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیاش قەیران هەیە بەڵام ڕێگای دیپلۆماسی هیچ کات دانەخراوە.
سەید عەباس عێراقچی وتی: وەک دیپلۆماتکارێک لەو بڕوایەدام کە تەنانەت لە دژوارترین هەلومەرجیشدا دەکرێت دانوستان بکرێت و ڕێگاچارەی دیپلۆماسی دابین بکرێت، بەڵام ئەمە بەندە بە ئیرادەی سیاسییەوە و ئەوەی کە چەندە دیپلۆماتکارەکان هێزی دەستپێشخەری و داهێنانیان هەیە تا بتوانن بگەنە ڕێگاچارەکان و شێوازی نوێ بۆ ڕێکەوتن بدۆزنەوە، ئەڵبەت ئەگەر ئیرادەی سیاسی لە هەر دوو لادا هەبێت.
سەبارەت بە سوریا بە پێی گۆڕانکاری ڕواڵەتیانە، قسە و درووشمەکان بڕیار نادەین
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: سەبارەوت بە سوریا بە پێی گۆڕانکاری ڕواڵەتیانە، قسە و درووشمەکان بڕیار نادەین. ئێمە چاوەڕوان دەکەین کە حکومەتی ڕاگوزەری سوریا سیاسەتەکانی خۆی سەبارەت بە ناوچەکە و وڵاتانی دیکە ڕابگەێنێت و بە پێی پێویست جێگیر بێت و بە پێی هەڵسووکەوتەکان بڕیار دەدەین.
سەید عەباس عێراقچی وتی: ئەوەی کە چۆن لە گەڵ سوریا هاوکاری دەکەین، بەندە بە هەڵسووکەوتی لایەنی بەرامبەرەوە. ئێران بە تەواوی نیازپاکیی هەیە و داوای ئارامی و سەقامگیری بۆ سوریا دەکات. خوازیاری ئەوەین یارمەتیدەری سەقامگیری سوریا بین و ئاسایشی سەرجەم پێکهاتە و نەتەوەکان لەم وڵاتەدا دابین بکرێت.
ناوبراو وتی: سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە دەبێت یارمەتیدەر بن کە حکومەتێکی بنکەفراوان بە بەشداری پێکهاتە و گرووپە جیاجیاکان لە سوریا پێک بهێندرێت و یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتەش پارێزراو بێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: نابێت سوریا ببێتە پەناگە و شوێنێکی پارێزراو بۆ تیرۆریستان و هەڕەشەیەک لە سەر دراوسێکان و وڵاتانی ناوچەکە بێت و ئەمەش چەند بنەمایەکن کە وڵاتانی ناوچەکە کۆدەنگییان لە سەریان هەیە.
ناوبراو وتی: خەڵکی سوریا بڕیاری کۆتایی دەدەن لە بەر ئەوەی کە خاوەنی وڵاتی خۆیانن و ئێمە تەنیا دەبێت هاوکاری بکەین کە بڕیاری درووست بدەن و سوریایەک ببینین کە لە ئاشتی و ئارامیدا لە گەڵ دراوسێکانی درێژە بە ژیانی خۆی بدات.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ئامادەییمان هەیە
ناوبراو وتی: ئێمە بە تەواوی ئامادەی وەڵامدانەوە و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ڕژێمی زایۆنیستین و هیوادارین کە هەڵەیەک لە زایۆنیستەکان ڕوو نەدات، لە بەر ئەوەی کە ئەنجامەکەی شەڕێکی بەربڵاو لە ناوچەکەدا دەبێت.
عێراقچی وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بە ئامانجەکانی خۆی لە شەڕی غەززەدا نەگەیشتووە، تەل ئەبیب بە ئامانجی لەناوبردنی حەماس شەڕی غەززەی دەستپێکرد بەڵام تا ئەمڕۆ ناچارە لە گەڵ هەمان حەماس بۆ ئاگربەست دانوستان بکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: سەرەڕای ئەوەی کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە هۆی گوشارەکانی ئەمریکاوە، لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو شەڕی غەززە ڕابگرێت، بەڵام کۆمەڵگای جیهانی دەبێت بۆ ڕێگری لە تاوانە مرۆییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی هەنگاوی بەپەلە و کاریگەر هەڵبگرێت و گوشار لە سەر ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەو ڕژێمە بۆ ڕاگرتنی تاوانەکان دابنێت.
داهاتووی خۆڕاگری بەردەوام ڕووناکە
عێراقچی وتی: بە بۆچوونی من داهاتووی خۆڕاگری بەردەوام ڕووناکە و حزبوڵڵای لوبنان سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوەیە.
ناوبراو وتی: حزبوڵڵای لوبنان وەک هێزێکی کاریگەری سیاسی لەم وڵاتەدا بوونی هەیە و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی گەورەی هەیە و درێژە بەم کاریگەرییەی خۆی دەدات./.