بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خەسرەو گوڵ محەممەد لە ڕێوڕەسمی پێنجەمین ساڵیادی شەهیدبوونی حاجی قاسم سولەیمانی کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، وتی: ئەگەر کەسێک لە نزیکەوە و لە ڕووداوە سەختەکاندا لە گەڵ شەهید سولەیمانی نەبووبێت، ناتوانێت هەڵسەنگاندنێکی تەواو بۆ کەسایەتییەکەی بکات.
ناوبراو بە ئاماژە بە تایبەتمەندییەکانی شەهید سولەیمانی وتی: لە ڕووی سەربازییەوە شەهید سولەیمانی کەسێکی بەتوانا بووە و لە پەیوەندیش لە گەڵ هەرێمی کوردستان کەسێکی دڵسۆزی گەلی کورد بووە و هەوڵی خزمەتکردنی بە کورد و کوردستان دەدا.
نوێنەری سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی: شەهید سولەیمانی هەموو کات وەک پشتیوانێک بۆ هەرێمی کوردستان بوو و لەدەستدانی دۆستێکی نزیکی کوردستان و عێراق خەسارێکی گەورە بووە.
وتیشی کە ئێمە وەک یەکێتی و کورد هیچ کات چاکەی دۆستەکانمان لەبیر ناکەین./.