بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن جەعفەری ئەمڕۆ پێنج شەممە لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە دوای ئەوەی پەیوەندی بە ناوەندی فریاکەوتنی 115ی کوردستانەوە کرا، کاتژمێر ١٠:٣٠ بەیانی ئەمڕۆ بە هۆی ڕووداوێکی ژەهراوی بوون خێزانێکی چوار کەسییەوە لە شاری بیجاڕ، دوو تیمی پزیشکی فریاگوزاری لە بنکەکانی ناوچەی یەکەم و دووەمەوە ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران.
بە وتەی ناوبراو، باوکی ئەو خێزانە دوای وەرگرتنی ڕێکاری سەرەتایی چارەسەری لە ژێر چاودێری بەردەوامدا، بۆ نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن لە شاری بیجاڕ گواسترایەوە بەڵام سێ ئەندامی تری ئەم خێزانە (دایک و ٢ منداڵی بچووک) گیانیان لەدەستدا.
بەرپرسی فریاکەوتنی کوردستان درێژەی بە قسەکانی دا و وتی کە ئاشنابوون بە نیشانەکانی ژەهراویبوون بە گازی مۆنۆکسیدی کاربۆن، لەوانەش سرووشتی بێ ڕەنگ و بێ بۆنەکەی و کۆنترۆڵی بەردەوام و زانیاری لە سەر شێوازی کارکردنی ئامێرەکانی گەرمکەرەوە دەتوانێت ڕێگری لەم جۆرە ڕووداوانە بکات./.