بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕەئوف شەیبانی ی وەک نێردەی تایبەتی خۆی بۆ کاروباری سوریا دەستنیشان کرد.
عێراقچی لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە کە سوریا وڵاتێکی گرنگی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیایە و کۆماری ئیسلامی ئێران بە تێگەیشتن لە گرنگی سەقامگیری و ئاسایشی ئەم وڵاتە و کاریگەریی لە سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی، جەخت لە سەر پێویستی پاراستنی یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی سوریا و ڕێزگرتن لە ئیرادە و خواستی گەلەکەی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بە بێ دەستێوەردان و بوونی وڵاتانی بێگانە دەکاتەوە.
لە درێژەی پەیامەکەی وەزیری دەرەوەی ئێراندا هاتووە کە بڕیاردان لە سەر داهاتووی سوریا تەنیا پەیوەندی بە گەلی ئەم وڵاتەوە هەیە و کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندییەکانی لە گەڵ هەر سیستەمێکی حکومەتی کە ئەنجامی خواست و ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵک بێت لە سەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندی بەرامبەر و بە پێی یاسای نێودەوڵەتی دادەڕێژێت.
سەید عەباس عێراقچی ڕایگەیاندووە کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تەنیا لە ڕێگای هاوکاری و تێگەیشتنی هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکەوە مسۆگەر دەبێت. سیاسەتی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر بنەمای پاراستن و بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندی دۆستانەیە لە گەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ و ئیسلامی و باشتربوونی پەیوەندی دراوسێتی بە بنەمایەکی گرنگ لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دادەنرێت.
ناوبراو بەرامبەر بە نێردەی تایبەتی خۆی بۆ کاروباری سوریا ڕایگەیاندووە کە ئەرک و ڕاسپاردەی ئەوەی لە سەرە لە گەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە تایبەت وڵاتانی دۆست لە ناوچەکە، بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی ڕاوێژ بکات./.