بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یاریزانی گەنجی بەریتانی کەمترین مووچەی هەیە لە نێو یاریزانانی مانچستەر یۆنایتد. درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی کۆبی ماینۆ کە لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا بووەتە یاریزانێکی سەرەکی یانەی مانچستەر یۆنایتد، یەکێکە لەو بابەتانەی کە لە ئۆڵدترافۆرد زۆر مشتومڕی لە سەرە و پێدەچێت دۆخەکە لەوە ئاڵۆزتر بێت کە دەبینرێت.
ماینۆ داوای مووچەی 200 هەزار پۆندیی کردووە لە مانگێکدا کە یەکسانە بە نزیکەی ١١ ملیۆن یۆرۆ لە ساڵێکدا. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەم ژمارەیە ١٠ هێندەی مووچەی ئێستای ماینۆیە.
جگە لەوەش گرێبەستی ئێستای ماینۆ لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦ کۆتایی دێت. بۆیە پێویستە مانچستەر یۆنایتد بە زووترین کات ئەم بابەتە چارەسەر بکات تا وەرزی داهاتوو کە دەبێتە کۆتا وەرزی گرێبەستی نێوان یانەکە و یاریزانەکە، بە ناڕوونی دەست پێ نکات.
ڕوبن ئامۆریم لەم دواییانەدا ئاماژەی بەوەدا کە ماینو شایەنی زیادکردنی مووچەیە لە مانچستەر یۆنایتد، چونکە لە ئێستادا لە نێو یاریزانە سەرەکییەکاندا کەمترین مووچەی هەیە./.