بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لە گەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی وتی: ئێمە ئامادەی دانوستانین بەڵام ئەمریکا لە ڕابردوودا پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە و هەوڵی ڕووخاندنی حکومەتی ئێرانی داوە.
ناوبراو وتی: کێشەکەی ئێمە لە دانوستاندا نییە بەڵکوو لەو بەڵێنانەدایە کە ئەنجامی دانوستانەکانن کە ئێمە دەبێت پابەندی بین.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە دۆسیەی ناوەکی ئێراندا لایەنەکانی ڕۆژئاوا هیچ کات پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان نەبوون.
ناوبراو وتی: ئێمە شەڕمان ناوێت بەڵام بە هەموو شێوەیەک ئامادەین و بەرگری لە خۆمان دەکەین، ئاساییە کە لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک کاردانەوەمان هەبێت.
پزیشکیان ڕەتیکردەوە کە ئێران هەوڵی درووستکردنی بۆمبی ناوەکی بدات و وتی کە پڕوپاگەندی دوژمنان هیچ کات درووست نەبووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە پڕوپاگەندەی هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ لە لایەن ئێرانەوە وتی: ئەمەش هەمان پیلانی ڕژێمی زایۆنیستی و لایەنەکانی دیکەیە بۆ دژایەتیکردنی ئێران. ئێران هیچ کات هەوڵی تیرۆرکردنی کەسی نەداوە و پلانێکی بۆ تیرۆر نییە، لانیکەم تا ئەو شوێنەی کە من دەزانم.
دکتۆر مەسعود پزیشکیان وتی: ئێران هیچ کات هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپی نەداوە و ئەمەش ناکات.
وتیشی کە ئەوەی پێمان بکرێت دەیکەین تا ئاشتی لە ناوچەکەدا جێگیر بێت./.