بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەکەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا هاتووە کە ” سوپاس بۆ خودای گەورە، بە تێپەڕبوونی 16 مانگ لە ئۆپەراسیۆنی مێژوویی، سەرنجڕاکێش و هەمیشە زیندووی زریانی ئەقسا و تاوانە دڕندانەکان و کۆمەڵکوژی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی، ئیرادەی پیرۆزی حەماس و خۆڕاگری ئیسلامی بە سەر ڕژێمی زایۆنیستی و بکوژانی ژنان، منداڵان و پیاوانی زوڵملێکراو و بێ بەرگریی فەڵەستیندا زاڵ بوو “.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ” ئەوانەی کە بە پشتیوانی هەمەلایەنەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان لە ئەورووپا و ناوچەکە و هەبوونی ئیمپراتۆریەتی میدیایی، هەوڵی گەیشتن بە ئامانجە ڕاگەێندراوەکەی خۆیان، واتە ئازادکردنی دیلەکان بە بێ هیچ تێچوویەک و لە ڕێگای کردەوەی سەربازی، لەناوبردنی حەماس و گەڕاندنەوەی زایۆنیستەکانی باکوری فەڵەستین، دەدا، ئێستا پاش 463 ڕۆژ تاوانی دڕندانە کە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە 50 هەزار کەسی زوڵملێکراو و برینداربوون و کەمئەندامبوونی زیاتر لە سەد هەزار کەس و لەناوچوونی لە سەدا زیاتر لە 80 ی ژێرخانەکانی غەززە، لە بەرامبەر پشوودرێژی و خۆڕاگریی خەڵکی قارەمانی غەززە و ئیرادەی پۆڵایینی حەماس و لایەنەکانی دیکە شکستیان هێنا “.
سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە ” ئەمرۆ کۆتایی شەڕ و سەپاندنی ئاگربەست بە سەر ڕژێمی زایۆنیستیدا سەرکەوتنێکی گەورە بۆ خۆڕاگری و شکستێکی گەورەتر بۆ ڕژێمی دڕندەی زایۆنیستییە کە خەڵکی غەززە دەگەڕێنێتەوە زێدی خۆیان و لە بەرامبەردا سەرۆکە خوێنمژ و دڕندەکەی کابینەی حکومەتە ساختە و تەزویرەکەی زایۆنیستەکان ڕوبەڕوی ڕەخنە و ناڕەزایەتی و کەلێنی ناوخۆیی گەورەتر لە کۆمەڵگای زایۆنیست دەکاتەوە “.
بەیاننامەکەی سوپای پاسداران یادی شەهیدان سەید حەسەن نەسروڵڵا، ئیسماعیل هەنیە، یەحیا سینوار و ساڵح عاروریی بەرز ڕاگرتووە و پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنەی لە خۆڕاگریی فەڵەستین بە تایبەت خەڵکی بەهێز و زوڵملێکراوی غەززە کردووە و هیوای ئەوەی خواستووە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا خوێندنی نوێژی سەرکەوتن لە مزگەوتی ئەقسا ببێتە مانشێتی یەکەمی میدیاکانی جیهان “./.