جام کوردی:
ده‌ستپێکردنی فه‌رمی هێرشه ئاسمانییه‌کانی ڕووسیا بۆ سه‌ر بنکه و مۆڵگه‌کانی تیرۆریستان له سو‌ریا، گرنگیدانی وڵاتانی ڕۆژئاوا به ڕۆڵ و پێگه‌ی ئێران و هه‌روه‌ها ده‌نگۆی هاتنی جیدی چین بۆ گۆڕه‌پانه‌که له‌و هۆکارانه‌ن که له ماوه‌ی ڕابردوو که‌ش و هه‌وای قه‌یراناوی سوریای تووشی گۆڕانکاری کردووه. له‌م نێوه‌نده‌دا هه‌شت وڵاتی کاریگه‌ر له قه‌یرانی سو‌ریا و ڕۆڵ و پێگه‌ی ئه‌وان تاوتوێ ده‌که‌ین. ڕووسیا و پشتیوانی ئاشکرا له حکومه‌تی سو‌ریا بووه‌ته هۆی ئاڵۆزتربوونی قه‌یرانه‌که. به‌م پێیه‌ش گۆڕانکارییه‌کانی ساڵی 2011ی سو‌ریا له ئێستادا بووه‌ته شه‌ڕێکی چه‌ند لایه‌نه که ئیئتلافه‌کان و یه‌کگرتنه‌کان تێیدا به‌رده‌وام له گۆڕانکاریدان و کۆمه‌ڵێک له کاراکته‌ره بیانییه‌کان به‌دواداچوون بۆ ئامانجه تایبه‌ته‌کانی خۆیان له‌م قه‌یرانه‌دا ده‌که‌ن.
1)ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا:
ئه‌مریکا سه‌رکردایه‌تی ئیئتلافێکی نێوده‌وڵه‌تی ده‌کات که له ساڵی ڕابردوو تا ئێستا به سه‌دان هێرشی ئاسمانی له عێراق و سو‌ریا ئه‌نجام داوه. واشنتن هه‌روه‌ها یارمه‌تی سه‌ربازی و ڕاوێژکاریی به‌و هێزانه‌ی سو‌ریا گه‌یاندووه که به ئۆپۆزسیۆنی میانه‌ڕۆ ناویان لێ نراوه. به‌ڵام ژماره‌ی هێز و ڕێژه‌ی چه‌ک و پێداویستی سه‌ربازی ئه‌م هێزانه و گرووپه تیرۆریستییه‌کان جیاوازی زۆری هه‌یه.
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریکا له پلانێکی تایبه‌تدا ده‌ستی داوه‌ته مه‌شق و ڕاهێنانی هێزێکی سه‌ربازی سوری به مه‌به‌ستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش، به‌ڵام پلانه‌که‌ی ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین ئاسته‌نگ بووه‌ته‌وه. یه‌که‌م گرووپ له هێزه مه‌شق پێکراوه‌کان له کاتی گه‌یشتنیان به باکوری سو‌ریا له لایه‌ن هێزه‌کانی به‌ره‌ی نوسره گه‌مارۆ دران. دووه‌م گرووپ له به‌رامبه‌ر تێپه‌ڕبوونیان له ناوچه‌کانی ژێر کۆنتڕۆڵی به‌ره‌ی نوسره، سه‌رجه‌م که‌ره‌سته و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی سه‌ربازی خۆیان ڕاده‌ستی ئه‌و گرووپه کرد.
2)ڕووسیا:
ڕووسیا ڕایگه‌یاندووه بۆ پاڵپشتی له حکومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د هێرشه ئاسمانییه‌کانی بۆ سه‌ر تیرۆریستان ده‌ستپێکردووه. به‌رپرسانی ئه‌مریکا و نه‌یارانی ئه‌سه‌د پێیان وایه که مۆسکۆ له هێرشه‌کانیدا جیاوازی له نێوان داعش و گرووپه به‌رهه‌ڵستکاره‌کانی ئه‌سه‌د نابینێت. کرملێن ده‌ڵێت به بێ پاڵپشتی ئه‌سه‌د، له ناوبردنی گرووپی تیرۆریستی داعش کارێکی ئه‌سته‌مه. ڕووسیا به یاوه‌ری چین له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له سه‌پاندنی گه‌مارۆی نوێ به سه‌ر ئه‌سه‌د ڕێگری کردووه، ئه‌مه‌ش دوو وڵاتی زلهێزی وه‌ک ئه‌مریکا و ڕووسیای خستووه‌ته ململانێیه‌کی نوێ. واشنتن ده‌ڵێت ئه‌سه‌د هۆکاری کێشه‌کانی سوریایه و پێویسته ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بڕوخێت.
3)ئێران:
ڕووسیا تا ئێستا وه‌ک گه‌وره‌ترین پشتیوانی حکومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د ناسراوه که یارمه‌تی دارایی و سه‌ربازی و ستراتژیکی به ئه‌سه‌د گه‌یاندووه. ئه‌و کاته‌ی که له ساڵی 2012، حکومه‌تی سو‌ریا کۆنتڕۆڵی چه‌ندین ناوچه‌ی له ده‌ستدا و گرووپه تیرۆریستییه‌کان و نه‌یارانی ئه‌سه‌د به سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا زاڵ بوون، حیزبووڵای لۆبنان که هاوپه‌یمانی ئێرانه، هێزه‌کانی به مه‌به‌ستی پاڵپشتی له ئه‌سه‌د ڕه‌وانه‌ی سو‌ریا کرد. ئێران هه‌روه‌ها له ڕووی ڕاوێژکارییه‌وه یارمه‌تی سه‌ربازی به دیمه‌شق گه‌یاندووه.
4)عه‌ره‌بستان:
عه‌ره‌بستان و هه‌ندێک له وڵاتانی عه‌ره‌بی سوننه‌ی ناوچه‌که که پێیان وایه ئه‌مریکا به‌هێزه‌وه مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵ دۆسیه‌ی سوریادا نه‌کردووه به شێوازێکی هه‌مه‌لایه‌نه هاوکارییان به گرووپه نه‌یاره‌کانی ئه‌سه‌د گه‌یاندووه. عه‌ره‌بستان و هاوپه‌یمانه‌کانی هه‌روه‌ها فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ر و پشتیوانییه‌کانی دیکه‌یان بۆ ئیئتلافی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش به سه‌رکردایه‌تی ئه‌مریکا دابین کردووه.
5)قه‌ته‌ر:
هاوشێوه‌ی ژماره‌یه‌کی دیکه له وڵاتانی عه‌ره‌بی، قه‌ته‌ر له بواری دارایی و سه‌ربازی یارمه‌تی گرووپه چه‌کداره نه‌یاره‌کانی به‌شار ئه‌سه‌دی داوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، قه‌ته‌ر له سه‌ر ده‌ستنیشان کردنی ئه‌و گرووپانه‌ی که پێویست به هاوکارییان ده‌کرێت له گه‌ڵ ڕیاز ناکۆکیی هه‌یه. هه‌رچه‌نده که قه‌ته‌ر یارمه‌تی قاعیده به توندی ڕه‌ت ده‌کاته‌وه، به‌ڵام شرۆڤه‌کاران و دیپلۆماتکارانی ناوچه‌که ده‌ڵێن قه‌ته‌ر په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ گرووپه‌کانی سه‌ر به قاعیده له سو‌ریا هه‌یه و پاڵپشتی له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامی له سو‌ریا ده‌کات، ئه‌و ئامانجه‌ی که گرووپه‌کانی سه‌ر به قاعیده له پێناویدا شه‌ڕ ده‌که‌ن. قه‌ته‌ر له په‌یوه‌ندییه ناڕاسته‌وخۆکانی له گه‌ڵبه‌ره‌ی نوسره به چه‌ندین جار بۆ ئازادکردنی بارمته بیانییه‌کان که‌ڵکی وه‌رگرتووه. یه‌کێک له بنکه سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مریکا که هێرشه‌کانی ئیئتلافی دژ به داعشی تێدا هه‌ماهه‌نگ ده‌کرێت له قه‌ته‌ره.
6)تورکیا:
تورکیا وڵاتێکه که به نابه‌دڵی چووه‌ته ڕیزی وڵاتانی ئه‌ندام له ئیئتلافی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش به سه‌رکردایه‌تی ئه‌مریکا. فڕۆکه شه‌ڕکه‌ره‌کانی تورکیا چه‌ندین هێرشیان دژ به داعش ئه‌نجام داوه، هاوکات موڵه‌تی که‌ڵک وه‌رگرتن له خاکی تورکیا به هێزه‌کانی ئیئتلاف دراوه. ئه‌نکه‌ره شه‌ڕێکی دژواری له گه‌ڵ پارتی کرێکارانی کوردستان هاوکات له گه‌ڵ شه‌ڕی داعش ده‌ستپێکردووه، ئه‌و حیزبه‌ی که هاوپه‌یمانه‌که‌ی واته په‌یه‌ده له سو‌ریا سه‌ره‌کیترین هێزی وشکانی دژ به داعشه. تورکیا ڕه‌تی ده‌کاته‌وه که هاوکاری گرووپه توندڕۆکانی کردبێت، به‌ڵام له سه‌ره‌تای ئاڵۆزییه‌کانی سو‌ریا تا ئێستا، تیرۆریستان به ئاسانی له خاکی تورکیا ده‌ربازی سو‌ریا ده‌بن، چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نییان پێ ده‌گات و نه‌وتی قاچاخی سوریاش له‌و گرووپانه ده‌کڕێت.
7)فه‌رانسه:
پاریس له ڕیزی یه‌که‌م وڵاتانی ئه‌ورووپی بوو که به‌شداری هه‌ڵمه‌ته ئاسمانییه‌کانی دژ به داعشی له عێراق کرد. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، به‌شداری ئیئتلافی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعشی له سو‌ریا نه‌ده‌کرد له به‌ر ئه‌وه‌ی که پێی وابوو که هێرشه ئاسمانییه‌کان ده‌بێته هۆی به‌هێزتربوونی به‌شار ئه‌سه‌د. له ئاکامدا پاریس له مانگی سپتمبێری ئه‌مساڵ یه‌که‌م هێرشی ئاسمانی خۆیی له سو‌ریا ده‌ستپێکرد.
8)به‌ریتانیا:
پارله‌مانی به‌ریتانیا ده‌نگی به پرۆژه یاسای ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی ئه‌و وڵاته له سو‌ریا نه‌دا و له ده‌ره‌نجامی ئه‌مه‌ش، له‌نده‌ن هه‌وڵه‌کانی له چوارچێوه‌ی ئیئتلافی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش شوێنگری ده‌کات.