بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆنبوونی وێستگەکانی کارە، نەبوونی پارچەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوە و پچڕانی هەناردەی نەوتی ئێران، وایکردووە کە کەرتی کارەبای سوریا ڕوبەڕوی قەیرانێکی گەورەتر ببێتەوە. بە واتایەکی دیکە لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد ئەم قەیرانە زیاتر بووە.
خالید ئەبودی بەڕێوەبەری فەرمانگەی گواستنەوە و دابەشکردن لە وەزارەتی کارەبای سوریا وتی کە پرۆژەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا ئامادە کراوە کە سێ قۆناغ لە خۆ دەگرێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە وێستگەکانی سوریا پێویستیان بە چاککردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەی سووتەمەنی هەیە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کارەبای سوریا وتی: کەمبوونی پارچەکان وایکردووە کە نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی وێستگەکان ڕوبەڕوی ئاستەنگی جیدی ببنەوە، بە تایبەت ئەوەی کە هاوردەکردنی بەشێک لەو پارچانە پێویستیان بە پرۆسەیەکی دژوار هەیە.
وتیشی کە لە ئێستادا تەنیا ژمارەیەکی کەم لە وێستگەکانی کارەبای سوریا ئەویش بە توانایەکی کەمەوە کار دەکەن، هۆکارەکەشی ڕاگرتنی هەناردەی سووتەمەنی لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدە و هەروەها ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی ئێرانە.
خالید ئەبودی وتی: کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزە لە لایەن هێزەکانی هەسەدەوە بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ داهاتووی سوریا و خەڵکەکەی.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی گواستنەوە و دابەشکردن لە وەزارەتی کارەبای سوریا وتی: لە ئێستادا وێستگەکانی کارەبای سوریا تەنیا 1300 تا 1600 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێنن و ئەمەش لە گەڵ پێویستی وڵاتدا یەکناگرێتەوە.
ناوبراو وتی: وەزارەتی کارەبای سوریا پرۆژەیەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە سێ قۆناغدا ئامادە کردووە و قۆناغی یەکەمیش کە بە قۆناغی فریاگوزاری ناودەبرێت، چاککردنەوەی دەستبەجێی وێستگەکانی کارەبا لەخۆدەگرێت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا. قۆناغی دووەم تایبەتە بە ئاوەدانکردنەوە و چاککردنەوەی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و گواستنەوەی کارەبا و پەرەپێدانی پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە بە ئامانجی زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا. ئامانجی قۆناغی سێهەم گەیشتن بە خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی کارەبا و دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتیانە./.