بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حکومەتی ئەمریکا شەوی چوارشەممە ڕایگەیاند کە جارێکی دیکە بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەنی خستووەتە ڕیزی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە و ئەم بڕیارەش لە ماوەی 30 ڕۆژدا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە چالاکییەکانی حوسییەکان، ئاسایشی هاووڵاتیان و هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خستووەتە مەترسییەوە. ئەم چالاکییانە هەورەها هەڕەشە لە سەر نزیکترین هاوبەشەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئاسایشی بازرگانی دەریایی جیهانی دادەنێت.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە سیاسەتی کۆشکی سپی هاوکاری لە گەڵ هاوبەشە ناوچەییەکان بۆ لەناوبردنی توانا و چالاکییەکانی حوسییەکان و بێبەشکردنی ئەوانە لە سەرچاوەکان بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە هێرشەکانیان.
کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە حوسییەکان لە تشرینی یەکەمی 2023 ەوە زیاتر لە 300 مووشەکیان ئاراستەی ڕژێمی زایۆنیستی کردووە و بە هێرشی سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور ڕۆڵیان لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسانی جیهانیدا هەبووە.
لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپدا ئەمریکا ناوی ئەنساروڵڵای یەمەنی خستبووە ڕیزی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە بەڵام بە هاتنەسەرکاری جۆبایدن ئەم بزوتنەوەیە لە کانوونی دووەمی 2021 لە ڕیزی ئەو گرووپانەدا دەرهێندرا. لە 17 ی کانوونی دووەمی 2024 دا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا وەک گرووپێکی تیرۆریستی دەناسێت، هەرچەندە ناوی بزوتنەوەکەی نەخستبووە ڕیزی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە./.