بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تێدرۆس ئەدهانۆم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند کە لە شاری گەمارۆدراوی ئەلفاشر هێرش کراوەتە سەر نەخۆشخانەیەک.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە نزیکەی 70 کەس لەو هێرشەدا کوژراون.
هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار کراون.
شەڕی ناوخۆیی سودان لە نێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە نیسانی ساڵی ڕابردوودا دەستیپێکرد و هێشتا بەردەوامە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە نزیکەی 25 ملیۆن کەس (نیوەی دانیشتووانی سودان) پێویستیان بە هاوکاری هەیە و نزیکەی 8 ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون./.