بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گرووپی کەشتیوانی و لۆجستیی فەرەنسی (CMA CGM) وەک یەکێک لە گەورەترین گرووپەکانی کەشتیوانی کۆنتێنەری جیهان، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە سەرەڕای تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە لە پاش ئاگربەستی ڕژێمی زایۆنیستی و فەڵەستینییەکان و بە گرنگیدان بەوەی کە دۆخەکە تا ڕادەیەک سەقامگیر بووە، بەڵام ویستی گەڕانەوە بۆ دەریای سووری نییە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی بواری کەشتیوانی بەردەوام بە نیگەرانییەوە لە ئەگەری گەڕانەوەی کەشتییەکانیان بۆ دەریای سوور دەڕوانن، ئەو شوێنەی کە گرووپی ئەنساروڵڵای یەمەن لە تشرینی دووەمی ساڵی 2023 زیاتر لە 100 هێرشی بۆ سەر کەشتییەکان هەبووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆربەی کۆمپانیاکانی بواری کەشتیوانی، بیر لە دۆزینەوە و بەکارهێنانی ڕێگای جێگرەوە بکەنەوە.
کۆمپانیای فەرەنسی (CMA CGM) ڕایگەیاندووە کە ئەم سەقامگیرییەی ئێستا هێمایەکی ئەرێنییە بەڵام ئاگربەستی غەززە لە نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و فەڵەستینییەکان لەرزۆکە و خۆپاراستن لە ئێستادا وەک خاڵێکی گرنگ بۆ ئەم کۆمپانیایە دادەنرێت.
لە تشرینی دووەمی 2023 بە دەستپێکردنی چالاکییە سەربازییەکانی یەمەنییەکان لە دەریای سوور و هێرشی سەر کەشتییە پەیوەندیدارەکان بە ڕژێمی زایۆنیستی و پاشان کەشتییەکانی سەر بە ئەمریکا و بەریتانیا، سەدان کەشتی سەر بە کۆمپانیا گەورەکانی وەک Maersk، MSC، CMA CGM و Hapag – Lloyd ڕێگای دیکەیان بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە دەریای سوور دۆزیوەتەوە.
ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەمەن هەفتەی ڕابردوو بە ڕاگرتنی هێرشەکان لە دەریای سوور لە پاش ئاگربەستی غەززە، ڕایگەیاندووە کە چاودێری پابەندبوونی ڕژێمی زایۆنیستی بەم ئاگربەستە دەکەن و لە ئەگەری هەر پێشێلکارییەک، درێژە بە پشتیوانییەکان لە گەلی فەڵەستین دەدەن.
گۆڤاری ئیکۆنۆمیست ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی گواستنەوە لە ڕێگای بابولمەندەب و دەریای سوورەوە دوو لە سەر سێ دابەزیوە و هێرشەکانی دەریای سوور لە ساڵی 2024 نزیکەی 200 ملیار دۆلار تێچووی هەبووە.
ئەو گۆڤارە لە سەر زاری تۆماس نۆردبێرگ لە کۆمپانیای بیمەی سویدی ڕایگەیاندووە کە بە هۆی هێرشەکانی ئەنساروڵڵای یەمەنەوە نرخی بیمەی کەشتییەکان 20 هێندە بەرزبووەتەوە. ئیکۆنۆمیست جەختیکردووەتەوە کە ئەم بەرزبوونەوەی تێچووی بیمە تەنیا ئەو کەشتییانە دەگرێتەوە کە خراونەتە بازنەی ئامانجەکانی ئەنساروڵڵاوە، بە شێوازێک کە کەشتییە ئەمریکی و بەریتانییەکان ڕوبەڕوی تێچوویەکی بیمە بوونەتەوە کە هەندێک کات گەیشتووەتە لە سەدا 2 ی بەهای گشتی کەشتییەکە، لە کاتێکدا کە کەشتییە چینییەکان تەنیا لە سەدا 0.35 ی بەهای کەشتییەکە دەدەن لە بەر ئەوەی کە مەترسییەک لە سەر ئەوان نییە.
گۆڤارەکە ڕایگەیاندووە کە لە ئەنجامی هێرشی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە دەریای سوور، نرخی گواستنەوەی کاڵا بە کەشتی لەم ناوچەکە لە لوتکەی قەیراندا پێنج هێندە زیادی کردووە. ئیکۆنۆمیست بە ئاماژە بەوەی کە ئەمریکا بە گشتی نزیکەی 5 ملیار دۆلاری بۆ پاراستنی کەشتییەکانی لە دەریای سوور بەکارهێناوە، ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای ئاگربەستی غەززە، مەترسییەکان وەک خۆی ماوەتەوە.
مت کاسڵ جێگری سەرۆکی کەشتیوانی جیهانی لە گرووپی لۆجستی ئەمریکی CH Robinson ڕایگەیاندووە کە پێناچێت پیشەسازی کەشتیوانی گۆڕانکارییەکی گەورە بەخۆوە ببینێت بۆ گەڕانەوە بۆ نۆکەندی سویس لە کورتخایەندا، هۆکاری ئەمەش بۆ کێشە و گرفتەکانی پەیوەندیدار بە بیمەی کاڵا، مەترسییەکان و سنورداربوونی کات دەگەڕێتەوە، لە بەر ئەوەی کە جێبەجێکردنی پلانی نوێی گواستنەوە لە پێناو گەڕانەوە بۆ دەریای سوور ڕەنگە چەندین هەفتە یان چەندین مانگ کاتی بوێت./.