بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی لە چاوپێکەوتنی تایبەت لە گەڵ کەناڵی سکای نیوز سەبارەت بە هەڕەشەکانی سەر دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران وتی: ئەوەمان ڕوونکردووەتەوە کە هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێمە، وەڵامی بەهێز و توندی بە دواوە دەبێت، پێم وانییە کاری شێتانەی وەها بکەن، لە بەر ئەوەی کە ناوچەکە ڕوبەڕوی کارەساتێکی خراپ دەکاتەوە.
ناوبراو لە کاردانەوەی بەرامبەر بە ویستی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ڕێکەوتن لە گەڵ ئێران وتی: سەرەڕای دەربڕینی ئامادەیی، هاندانی ئێران بۆ دانوستان و گەیشتن بە ڕێکەوتنێک هاوشێوەی ڕێکەوتنەکەی ساڵی 2015، پێویستی بە هەنگاوی زیاترە بۆ ئەوەی متمانەی ئێران بە دەست بێنن، لە بەر ئەوەی کە ئێمە بەدەر لە وشەی ” باش ” شتێکی دیکەمان نەبیستووە.
عێراقچی لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرەکەی سکای نیوزدا سەبارەت بەوەی کە ” ئایا ئێوە ئامادەن چانسێک بە ترەمپ بدەن کە لانیکەم گوێ لەوەی بگرن کە ئەو دەیڵێت ؟” وتی: بەڵێ. پەیامنێرەکە دیسانەوە پرسیاری ئەوەی کرد کە ” ئەگەر ئەو شتی ڕاست و درووست بڵێت و ڕێز لە ئێوە بگرێت، لە گەڵ ترەمپ دانوستان دەکەن؟ ” عێراقچی وەڵامی دایەوە کە ” ئەو کات بڕیار دەدەین. من بە ئێوە ناڵێم کە هەموو شتێک کە ئەو باسی دەکات ڕەتیدەکەینەوە “.
وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە پرۆژەکەی ترەمپ بۆ دەرکردنی فەڵەستینییەکان و گواستنەوەیان بۆ میسر و ئەردەن، وتی: پێشنیارەکەی من شتی دیکەیە، ترەمپ کە چاوی لە سەر دوورگەکانی گرینلەندە، لە جێی ئەوەی فەڵەستینییەکان دەربکەن، با زایۆنیستەکان بنێرنە ئەو دوورگانە و بەمەش بە تیرێک دوو ئامانج دەپێکن./.