بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پەرلەمانی عێراق دەنگی لە سەر هەمواری یاسای بودجە دا و بەو پێیە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری عێراق ڕایگەیاندووە کە بە پێی یاساکە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە، نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی کوردستان بە 16 دۆلار دیاریکراوە بۆ ماوەی 60 رۆژ، هەروەها لایەنی ڕاوێژکاریی تایبەتمەندی نێودەوڵەتی لە ماوەی 60 رۆژدا نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت لە هەر کێڵگەیەک بە جیا دیاری دەکات.
غەریب ئەحمەد پەرلەمانتاری عێراق ڕایگەیاندووە کە هەمووان دڵخۆشبووین بە تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجەی گشتی.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە کە بە تێپەڕبوونی ئەم پرۆژە یاسایە، هەرێمی كوردستان زۆرێك لە مافە داراییەكانی لە بەغداوە جێگیر و دەستەبەر دەبێت و دۆخی دارایی و ئابوری هەرێم لە خراپەوە بۆ زۆر باش گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.
لای خۆیەوە، مهریوان قهرهنی، جێگری سهرۆكی فراكسیۆنی پارتی له پهرلهمانی عێراق له ئهكاونتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتیی فهیسبووك ڕایگهیاندووە، پاش ماوەیەكی زۆر و مشتومڕێكی زۆر، لە كۆتاییدا ئەو هەموارەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق كە حكومەتی فیدڕاڵی ئاراستەی پەرلەمانی عێراقی كردبوو، پەسەند كرا و بوو بە یاسا.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە تێچووی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێمی كوردستان بۆ 16 دۆلار بەرز دەکرێتەوە و پارەكە لە بودجەی سیادیی عێراق دەدرێت.
مهریوان قهرهنی ڕاشیگەیاندووە کە لە ماوەی 60 ڕۆژدا تێچووی فیعلی لە لایەن تیمێكی تەكنیكی نێودەوڵەتی كە لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە ڕادەسپێردرێت، دیاری دەكرێت. ئەگەر ئەمە نەكرا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تێچووەكە دیاری دەكات./.