بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتارێکدا لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە تاران، وتی: لە 22 ی ڕێبەندانی ساڵی 1357 ی کۆچی هەتاوی، گەلی ئێران بە ڕێبەرایەتی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) زوڵم و زاڵمانیان لە ئێران وەدەرنا، نهێنی سەرکەوتنی ئێمەش ئامادەبوونی خەڵک و یەکڕیزی ئەوان بوو.
ناوبراو وتی: ئێمە لەو بڕوایەداین کە دەتوانین وڵاتی خۆمان بەرەو لوتکەی پێشکەوتنەکان ببەین و گەلی ئێمە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە ڕاپەڕینی کردووە تا ماف و دادپەروەری مسۆگەر بکات، لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلانی ئێرانەوە دوژمنان بە دەیان پیلانگێڕییان کرد بەڵام گەلی ئێمە بە بەخشینی زیاتر لە 240 هەزار شەهید بە شۆڕشی ئیسلامی، خۆڕاگریی کرد.
پزیشکیان وتی: دوژمن ئەمڕۆ دەیەوێت پەرە بە ناکۆکییەکان بدات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئێران لاواز بووە، بێ ئاگا لەوەی کە گەلی ئێمە بە ڕێبەرایەتی حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ئەم هەوڵانە تێکدەدات، ئێمە لە گۆڕەپانەکەدا دەمێنینەوە، دوژمن تیرۆریستە و تۆمەتی تیرۆریستبوون لە ئێمە دەدات.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ترەمپ ڕایگەیاندووە کە دانوستانی دەوێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوەی پیلانگێڕی بێت لە دژی کۆماری ئیسلامی واژۆی لە سەر کردووە، ئەمە دووفاقییەکی گەورەیە کە پیشان دەدات ئەمریکا و ترەمپ جێی متمانە نین.
دکتۆر مەسعود پزیشکیان وتی: ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئاسایش و سەقامگیری جیهانی دەوێت، بەڵام لە ناوچەکەی ئێمە ڕژێمی زایۆنیستی بە هاوکاری ئەمریکا ئاسایش و سەقامگیریی تێکداوە و ئەم هەموو تاوان و کۆمەڵکوژییەی کردووە و بەردەوامە لە تاوانەکانیشی.
ناوبراو وتی: ئەمریکا لەم پیلانگێڕییەی نوێ لە دژی ئێران سەرکەوتوو نابێت، وەک چۆن کە لە ماوەی 46 ساڵی ڕابردووش لە سەرجەم پیلانەکانیدا شکستی هێناوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئێمە شەڕمان ناوێت و دوژمن لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی کابینەی چواردەیەمدا شەهید ئیسماعیل هەنیەی لە تاران تیرۆر کرد، دوژمن لە یەکڕیزی گەلی ئێران دەترسێت و هەوڵی شەڕ و ئاژاوەگێڕی دەدات، من بەڵێن دەدەم کە بە یەکڕیزی دەتوانین سەرجەم کێشەکان لەناو ببەین.
دکتۆر مەسعود پزیشکیان وتی: ئێمە پەیمانی برایەتیمان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەدا هەیە و داوا دەکەین پێکەوە لە بەرامبەر زوڵم و تاوان بوەستین./.