بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوە عێراقییەکە لە وتووێژی لە گەڵ ڕۆژنامەی ئەخبار ی لوبنانی، ئاماژەی بە بەشداری ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتیی سوریا لە کۆبوونەوەی لوتکەی ” دیالۆگی بەغدا ” لە مانگی ئایاری داهاتوو داوە کە بەندە بە گۆڕانکارییەکانی داهاتوو و تێڕوانینی دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا بەرامبەر بە وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت وڵاتانی دراوسێ.
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە کە لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سوریا، حکومەتی عێراق سیاسەتێکی هاوسەنگی بۆ مامەڵەکردنی لە گەڵ گۆڕانکارییەکاندا هەبووە و بەدەر لەمەش شاندێکی فەرمیی بۆ هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی حکومەتی نوێی سوریا ناردە دیمەشق.
ئەو سەرچاوە حکومییەی عێراق ڕایگەیاندووە کە حکومەتی سوریا نیازپاکی خۆیی بەرامبەر بە عێراق پیشانداوە و ڕەنگە ئەحمەد شەرع سەردانی بەغدا بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا کەشی ئێستای سوریا هێشتا بۆ بەرپرسانی عێراق ناڕوونە.
ڕاشیگەیاندووە کە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەسعەد شەیبانی بۆ بەغدا بە ئامانجی تاوتوێکردنی چەندین دۆسیەی هاوبەشی سیاسی، ئەمنی و ئابوری و هەروەها هاوئاهەنگی بۆ سەردانەکەی ئەحمەد شەرعە لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو.
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە دۆسیە ئەمنی و سەربازییەکانی نێوان دیمەشق و بەغدا، پرسی گەڕاندنەوەی ئەو ئەفسەر و سەربازانەی سوپای سوریایە کە لە پاش کەوتنی ئەسەد هاتوونەتە خاکی عێراق.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە کەشێکی بێ متمانەیی هێشتا بە سەر پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و حکومەتی نوێی سوریادا زاڵە و چاودێران لەو بڕوایەدان کە ئەگەری گۆڕانکاری نوێ لە ئارادایە، ئەگەرچی بەغدا خواستی هاوکاریی لە گەڵ حکومەتی نوێی سوریا هەیە بەڵام لە چاوەڕوانی هەڵوێستێکی ڕوونتری دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتەدایە./.