سەرقاڵبوونی ئەمریکای ترەمپ لە چەندین بەرەی جیاوازەوە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی کە گرنگییەکی زیاتر بە ئێران نەدات. لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت بە دەسکەوتێک بگات کە لە ڕووی پێگە و ناوبانگەوە سوودێکی زۆری بۆی هەبێت، ئەمەش وا دەکات هەڵوێستەکانی لە بەرامبەر تاران نەرمتر بکات و ڕەنگە بە دوای ڕێگاچارەیەک بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی هاوسەنگ لە گەڵ ئێراندا بگەڕێت.
پێشبینی هەنگاوە سەرەتاییەکانی ترەمپ پاش گەیشتنی بە کۆشکی سپی چەندان کێشەی نەبوو. ئەو لە زۆر بوارێکدا هەڵوێستێکی توندی لە خۆی پیشانداوە. لە گەڵ دراوسێکانی ئەمریکا تا دەگاتە چین و ڕووسیا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ترەمپ بانگەشەی ئەوەیکردووە کە هێزی ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە، یان ئەو پیلانە مەترسیدارەی کە بۆ غەززە ڕایگەیاندووە.
ئێرانیش یەک لەو دۆسیانەی ئێستای ترەمپە، بەڵام ڕەنگە گرنگییەکەی لەو دۆسیەکان کەمتر بێت، هەرچەندە ڕژێمی زایۆنیستی و بنیامین نتانیاهۆ هەوڵ دەدەن ئێران ببێتە نیگەرانی و دۆسیەی یەکەمی سەر مێزی سەرۆک کۆماری ئەمریکا.
پرسیار ئەوەیە کە ئێران لە بەرامبەر ئەم سیاسەت و هەڵوێستانەی ترەمپ چی بکات؟
بەرەنگاربوونەوە و خۆبەدەستەوەدان هیچ کات بۆ ئێران بژاردەیەکی گونجاو نەبوون. ئێران بە هۆی سیاسەت و هێزی نیشتمانی، هیچ کات لە بەرامبەر سەرۆک کۆماری ئەمریکا خۆی بە دەستەوە نادات و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی دەکات. لە لایەکی دیکەوە ڕەنگە هەلومەرجی ناوچەکە و دۆخی ئابوری ئێران وا نەبێت کە لە گەڵ ئەمریکا بکەوێتە شەڕەوە.
هەربۆیە ئێران دەبێت لە ڕێگای دیپلۆماسی و وتووێژەوە ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی مسۆگەر بکات. بۆ ئەمەش دەبێت لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەروەها لە گەڵ وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی بە گشتی، پەیوەندییەکان پتەو بکرێن. ئێران لە ئێستادا دەرفەتی ئەوەی بۆ هاتووەتە پێشەوە کە لە پرسی غەززەدا بەرەیەکی یەکگرتوو لە گەڵ وڵاتانی وەک سعوودیە، میسر، ئەردەن، تورکیا و ئەوانی دیکە بکاتەوە تا ڕوبەڕوی پیلانە مەترسیدارەکەی ترەمپ ببێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە وڵاتانی ئەورووپی بەدەر لە بەریتانیا ئەزموونێکی خوازراویان لە گەڵ ترەمپدا نییە و هەڵوێست و لێدوانی بەرپرسانی کۆشکی سپی ئەوانی نیگەران کردووە، هەربۆیە دەکرێت ئێران کەڵک لەم دەرفەتە وەربگرێت و لە ئەورووپییەکان دژ بە ئەمریکای ترەمپ نزیک ببێتەوە./.