بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 17ی شوباتی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە مهجید تهخت ڕهوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆمارى ئيسلامي ئێران و شاندێكی یاوەری كرد.
بە پێی راگەێندراوی سەرۆکایەتی هەرێم، لە كۆبوونەوەیەكدا جەختیان له برهودان به پەیوەندییەكانی كۆمارى ئيسلامي ئێران له گهڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و فراوانكردنى هاريكاري هاوبهشى نێوانيان لهو بوارانهدا كردهوه كه بۆ ههردوولا گرنگن، بهتايبهت بوارى ئابورى، ههروهها دهربارهى بهڕێوهچوونى رێكهوتنى عێراق و ئێران بۆ پاراستنى ئاسايشى سنورهكان و رۆڵ و هاوكاريى ههرێمى كوردستان لهمبارهيهوه، بيروڕايان گۆڕييهوه.
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە، “هەرێمی كوردستان هەمیشە خوازیاری ئەوەیە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری بێت لە ناوچەكەدا و بە هیچ شێوەیەك نابێتە سهرچاوهى هەڕەشە و ناسەقامگیری بۆ وڵاتانی دەوروبەر، ههروهها باسى لە گرنگي پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر بنەمای دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش كرد”.
تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە بە گشتی و چهند پرسێكى ديكهى جێى بايهخى هاوبهش، تهوهرێكى دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.
دواى كۆبوونهوهكهش سهرۆكى ههرێمى كوردستان و جێگرى وهزيرى دهرهوهى ئێران، له لێدوانێكى هاوبهشى ڕۆژنامهوانيدا، باسيان له ناوهڕۆكى كۆبوونهوهكه كرد، لهمبارهيهوه نێچيرڤان بارزانى وتى:
بە گەرمی بەخێرهاتنی بەڕێز ئاغای دكتۆر مەجید تهخت ڕهوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان دەكەم. جەخت لە گرنگي پەیوەندی مێژووییمان لە گەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەینەوە كە لە سەر بنەمای دراوسێیەتی باش و بەرژوەندی هاوبەش دامەزراوە. كۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە هاوبەشێكی گرنگ بووە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ عێراق، پێزانینی خۆمان بۆ پشتگیرییەكانیان لە قۆناغە جیاجیاكاندا دەردەبڕین و سوپاسیان دەكەین.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان بڕوامان وایە كە پەیوەندیی بەهێز و هاوسەنگ لە نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێراندا، بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچهكه، زۆر پێويست و گرنگە. عێراق و هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵ دەدەن پەیوەندییەک له گهڵ وڵاتانى دراوسێ به تايبهت كۆمارى ئيسلامى بنیات بنێن لە سەر بنەمای ڕێز و بهرژهوهندي هاوبهش و هاوکاری لە هەموو بوارەکاندا.
جەخت لە سەر گرنگی بەهێزکردنی هاوکاری هاوبەشی ئێران له گهڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دهكهينهوە لە پێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و فراوانکردنی هاوكاری هاوبەش لە هەموو بوارە جیاجیاكاندا، لە بواری ئابوری و بازرگانی و فەرهەنگی و لە بواری ئەمنیدا.
دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت لە ناوچەكە و بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادات ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت كۆماری ئیسلامیی ئێران.
لەم دیدارەدا جەختمان كردووەتەوە لە سەر بەرەوپێشبردنی پەیوەندی ئابوری لە گەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا و دووپاتمان كردووهتەوە لە پابەندبوونی خۆمان لە چوارچێوەی ئەو میكانيزمەی كە دانراوە لە ڕووی ئەمنییەوە كە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەك عێراق بەتایبەت هەرێمی كوردستان نەبێتە سەرچاوەیەكی هەڕەشە بۆ ئاسایشی ئێران. دووبارە زۆر زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی جێگری جەنابی وەزیری دەرەوەی ئێران دەكەین كە ئەمە یەكەم جاریەتی تەشریف دەهێنێت بۆ هەرێمی كوردستان، زۆر بە خێر بێيت بە سەر چاو.
دواتر جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە وتەیەكدا ڕایگەیاند:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان، زۆر دڵخۆشم لەوەی كە ئەمڕۆ دەرفەتێك درووست بوو و ئەمڕۆ لە گەڵ ئێوەم لە هەرێمی كوردستانی عێراق. من بۆ گفتوگۆی سیاسی كە لە گەڵ وەزارەتی دەرەوەی حكوومەتی عێراق هەمانە، دوێنی سەردانی بەغدام كرد و دانوستانێكی زۆر باشمان لە گەڵ بەرپرسانی عێراقیدا هەبوو لە بوارە جیاوازەكاندا لە نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ كە هاوبەشییەكی زۆرمان پێكەوە هەیە، هەروەها پرسێكی زۆر هەیە كە گفتوگۆی لە سەر بكەین و ئەو ڕوانگە باشانەی كە لە بەغدا هەبوون.
ئەمڕۆ بەیانییش لە هەولێرم و گفتوگۆی باشمان هەبوو لە گەڵ بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە گەڵ بەڕێزان مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی و ئێستاش لە خزمەت بەڕێز نێچیرڤان بارزانى ـ دام و زۆر سوپاسی پێشوازیكردنی گەرمی ئەوان لە ئێمە دەكەین.
زۆر بواری باش ئەمڕۆ گفتوگۆمان لەسەر كرد وەك دوو وڵات، وڵاتانی دراوسێ عێراق و ئێران، هەروەك ڕامگەیاند هاوبەشییەكی زۆرمان پێكەوە هەیە و لە گەڵ هەرێمی كوردستانیشدا بە هەمان شێوە هاوبەشییەكی زۆری كەلتوری، ئایینی، زمانی، مێژوویی و شارستانیمان هەیە و هەموو ئەوانە هاوكاریمان دەكەن كە پەیوەندییەكانمان زیاتر لە جاران بەهێز بكەین، لە زۆر بواری جیاوازدا هاوكاریمان هەیە بەتایبەت لە بواری ئابوری و زۆر كاری دیكە دەتوانین ئەنجامی بدەین.
ئەمڕۆ لە گفتوگۆكانماندا لە هەولێر، بەتایبەت باسمان لە پرسی ئابوری لە گەڵ وڵاتی دراوسێ كرد، هەروەها بە شێوەیەكی سرووشتی ئێمەش هەر لەم چوارچێوەیەدا كارەكانمان بەردەوام دەبێت لە بواری گەشتیاری و ئەزموونی كار لە نێوان هەردوو حكوومەتدا. بواری زۆر باش هەیە كە دەتوانین بەكاری بهێنین بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی گەلانی هەردوولا.
هەروەها بابەتی ئاسایشیش یەكێك لەو بابەتانە بوو كە گفتوگۆمان لە سەر كردووە و بەدواداچوونی بۆ دەكەین و پێمانوایە ئاسایشی عێراق ئاسایشی ئێمەیە. ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراق ئاسایشی ئێمەیە و دەبێت دەست بدەینە دەستی یەكتری و ئەو كێشە و گرفتانەی كە هەیە بتوانین چارەسەری بكەین.
جارێكی دیكە سوپاسی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی دیكەی هەرێمی كوردستان دەكەم بۆ ئەو پێشوازییەی كە لە ئێمەیان كرد و هیوادارین كە ئەم گفتوگۆیانە بەردەوام بن./.