بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شەفیعی قایمقامی قەزای قەسری شیرین بە وەکالەت، ئەمڕۆ چوارشەممە 19 ی شوبات، پێشوازیی لە عەباس ئیسماعیل عەلی بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و شاندی یاوەری کرد.
قایمقامی قەسری شیرین بە وەکالەت لە کۆبوونەوەیەکدا ڕایگەیاند کە ئیرادەی هاوبەشی بەرپرسانی هەر دیوی سنوری پەروێزخان بووەتە هۆی پتەوکردنی هاوکارییەکان و پەیوەندییەکانی ئێستا و وتی: لە داهاتوویەکی نزیکدا بە ڕێکخستنەوەی یەکە ئیدارییەکان بە پەیرەوکردنی سیستەمی یەک بەڕێوەبەری لە دەروازەی پەروێزخان، گۆڕانکارییەکی بەرچاو لەم دۆخەی ئێستا ڕوو دەدات.
ناوبراو وتی: لە ڕووی ژێرخانەوە لە پەروێزخان کێشەمان هەیە و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین.
شەفیعی جەختیکردەوە کە لایەنی عێراق هەر داخستن یان پشوویەک بۆ سنوردارکردنی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان و چالاکییە سنورییەکان، پێشوەختە ڕابگەێنێت تا ڕێگری لە زیانی بازرگانان و چالاکوانانی ئابوری و پەکخستنی کارکردنی سنورەکە بکرێت.
عەباس ئیسماعیل عەلی بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانیش لەو کۆبوونەوەدا وتی: تێڕوانینی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری و بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بە تایبەت لە سنوری پەروێزخان و هەوڵ دەدەین هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو لا بۆ گەیشتن بەم ئامانجە زیاتر ببێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ناوچەی ئازادی بازرگانی و پیشەسازیی قەسری شیرین، وتی: بە دڵنیاییەوە ئەم ناوچەیە بۆ خەڵکی کەلار سوودی دەبێت./.