بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاند کە سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی بە ڕشتنی فرمێسکی تێمساحی، هەوڵی دەربازبوون لە بەرپرسیارێتی کوژرانی دیلەکان دەدات.
لە بەیاننامەیەکی بزوتنەوەی حەماس سەبارەت بە ڕادەستکردنی تەرمی چوار دیلی کوژراوی زایۆنیست، هاتووە کە کەتیبەکانی قەسام و خۆڕاگریی فەڵەستین، لە ڕێوڕەسمی ڕادەستکردنی تەرمی دیلەکان، ڕەچاوی ڕێزی کوژراوەکان و هەست و سۆزی بنەماڵەکانی ئەوانی کردووە، لە کاتێکدا کە ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی، کاتێک ئەو دیلانە زیندوو بوون، هیچ ڕێزێکی لە گیانی ئەوان نەگرت.
حەماس ڕایگەیاندووە کە دیلەکانی دوژمنی پاراستووە و ئەوەی لە توانایدا بووە بۆیان دابین کراوە و هەڵسووکەوتێکی مرۆڤانەیان لە گەڵدا کراوە بەڵام سوپای زایۆنیست ئەوانی لە گەڵ پاسەوانەکانیان کوشتووە./.