نەوزاد غەفور سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سەبارەت بە ئامانج و بەرنامەی سەردانەکە بە پەیامنێری جام کوردیی ڕاگەیاند کە سەردانەکە زیاتر بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانە لە نێوان هەر دوو لادا.
ناوبراو وتی: لە سەر بانگهێشتی فەرمی سەردانی پارێزگای کرماشان دەکەین و لە سەردانەکەدا چەند کارگەیەکی پیشەسازی و وەبەرهێنەر بەسەردەکەینەوە تا لە ئاستی توانا و ڕێژەی وەبەرهێنانی ئەوان تێبگەین و بزانین کە ئایا لە داهاتوودا دەیانەوێت لە سلێمانی و هەرێمی کوردستان بە گشتی وەبەرهێنان بکەن.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وتی: چەند کارگەیەکی گەورەی وەک پترۆکیمیا، ئاسن و پۆڵا و هەروەها ناوچەی ئازادی بازرگانی لە سنوری کرماشان و هەرێمی کوردستان بەسەردەکەینەوە.
نەوزاد غەفور ڕایگەیاند کە زیاترین هاوردەی کاڵا و پێداویستی پارێزگای سلێمانی لە سنورەکانی ئێرانەوە دەکرێت کە بەدەر لە پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێکی ڕەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکرێت.
ناوبراو سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی بەردەم پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران وتی: چەندین کێشە لە سنورە هاوبەشەکاندا هەیە کە تا ئێستا دانیشتنی زۆریان لە سەر کراوە، کێشەیەکی دیکەی سەرەکی تایبەت بە کاڵای ئێرانی یان کاڵای وڵاتانی دیکە کە بە خاکی ئێراندا بۆ هەرێمی کوردستان ترانزێت دەکرێت، ئەوەیە کە مەنەسەی بانکی ناوەندی عێراق نایگرێتەوە و ئەم کێشەیەش پەیوەندی بە حکومەتی عێراقەوە هەیە نەک ئێران و لە سەر ئەمەش قسەم لە گەڵ سەرۆکی بانکی ناوەندی عێراقدا کردووە. چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش دەتوانێت جوڵەیەکی بازرگانی زیاتر بە سلێمانی و ناوچەکانی دیکە ببەخشێت.
نەوزاد غەفور لە کۆتاییدا وتی کە ئاسانکاری لە لایەن ئێران و هەرێمی کوردستانەوە دەتوانێت ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بەرفراوانتر بکات./.