تاهیر عێزەدین محەممەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە سەبارەت بە ئامانج و بەرنامەی سەردانەکە بە پەیامنێری جام کوردیی ڕاگەیاند: لە سەر بانگهێشتی فەرمی سەردانی پارێزگای کرماشان دەکەین، هێشتا تەوەری کۆبوونەوەکان نازانین، ئەوان قسەی خۆیان دەکەن و ئێمەش قسەی خۆمان دەکەین.
ناوبراو سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان وتی: یەکێک لە گەورەترین کێشەکان پەیوەندی بە حکومەتی عێراق و ئەو مینەسەوە هەیە کە بۆ گۆڕینی دۆلار و دینار دیاریکراوە، واتە بەغدا نایەوێت بەو شێوازە لە گەڵ ئێران پەیوەندی هەبێت کە هیچ جۆرە گۆڕینەوەی پارەیەکی لە گەڵ ئێراندا هەبێت، ئەوەی کە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار حسێب بکرێت. ئەگەر سەردانی تورکیا یان هەر وڵاتێکی دیکە بێت 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەگۆڕێتەوە بەڵام بۆ ئێران وا نییە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هەڵەبجە وتی: بە هۆی گەمارۆکانەوە تێچووی مادە سەرەتاییەکانی کارگە و یەکە وەبەرهێنەرەکانی ئێرانیش بەرز بووەتەوە و ئەمەش تێچووی کاڵا و بەرهەمەکانی زیاتر کردووە کە هاوردی هەرێمی کوردستان بکرێت.
تاهیر عێزەدین وتی: هەرێمی کوردستان لە ڕووی هەندێک کاڵای وەک شیش و چیمەنتۆوە پێویستی بە ئێرانەوە نەماوە و لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێندرێت.
ناوبراو هەروەها وتی کە بە درووستکردنی کارگە و یەکە وەبەرهێنەرەکان لە هەرێمی کوردستان، ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ ئێران دادەبەزێت./.