شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە کاتی زیندووبوونیدا دەیان جار ڕژێمی زایۆنیستیی تووشی شکست و سەرشۆڕی کردەوە. ڕژێمی زایۆنیستی هیچ کات شکستەکانی لە حزبوڵڵای لوبنان لەبیر ناکات. لە دوایین شەڕیش لە پاش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا، حزبوڵڵا لە بەرەی باکورەوە شکستێکی بە سەر ڕژێمی زایۆنیستیدا سەپاند کە نەک تەنیا لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵکوو لە ڕووی ئابوری و کۆمەڵایەتیشەوە ئەو ڕژێمەی ڕوبەڕوی قەیرانێکی گەورە کردەوە.
ڕژێمی زایۆنیستی بۆ دەربازبوون لەم شکستانە پلانی تیرۆرکردنی سەید حەسەن نەسروڵڵای داڕشت و لە کردەوەیەکی نامرۆڤانە و تیرۆریستیدا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای تیرۆر کرد. خوێندنەوەی زایۆنیستەکان بۆ بارودۆخی شەڕی غەززە و لوبنان ئەوە بوو کە بە تیرۆری سەید حەسەن نەسروڵڵا حزبوڵڵا بە کۆتایی دەگات.
تەنانەت ئەم بیرکردنەوە باڵی بە سەر زۆربەی میدیاکانی ناوچەکەشدا کێشابوو و زۆربەی شرۆڤە و شیکارییەکانیش ئەوە بوو کە حزبوڵڵا بە نەمانی سەید حەسەن نەسروڵڵا کۆتایی هاتووە.
بەڵام حزبوڵڵا لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە پرۆژەی خۆڕێکخستنەوەی بە زووترین کات جێبەجێ کرد. شێخ نەعیم قاسم وەک ئەمینداری نوێ دەستنیشان کرا و فەرماندە سەربازییەکانیش بە هەمان شێوە شوێنی شەهیدانیان گرتەوە.
کە واتە نەمانی شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا هیچ دەسکەوتێکی بۆ ڕژێمی زایۆنیستی نەبوو و ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەی ئەم شەهیدە ئازیزەش ئەوەی سەلماند کە شەهیدبوونی سەید حەسەن نەسروڵڵا هەزاران هێندە مەترسی زۆرترە بۆ ئەو ڕژێمە.
بەشداری ملیۆنیی خەڵکی لوبنان و خەڵکی وڵاتانی دیکە لە ڕێوڕەسمەکەدا ئەوەی سەلماند کە سەردەمێکی نوێ هاتووەتە پێشەوە و زیندوویی سەید حەسەن نەسروڵڵای بۆ هەتا هەتایی دووپات کردەوە. ناو و ڕێباز و ئایدۆلۆژیای شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا بە زیندوویی دەمێنێتەوە و ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی کە تا شکستی کۆتایی بەرۆکی ئەو ڕژێمە بەر نادات./.