بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد عەلی محەممەد ناسراو بە کاک ئەحمەد کەلاری، لە کۆنفرانسی هاوبەشی ئابوری و بازرگانی پارێزگاکانی کرماشان، سلێمانی، هەڵەبجە، دیالە و ئیدارەی گەرمیان، وتی: هەزاران خێزانی هەرێمی کوردستان لە گەڵ خێزانە ئێرانییەکان پەیوەندییەکی دۆستانەیان هەیە و ئەم پەیوەندییە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پتەوتر و بەرفراوانتر دەبێت.
ناوبراو وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران 12 خاڵی سنوری فەرمی و نافەرمیی لە گەڵ وڵاتی عێراق هەیە کە 4 خاڵی سنوری فەرمی و 3 خاڵی سنوری نافەرمی (لاوەکی) لە گەڵ هەرێمی کوردستاندایە.
نوێنەری بازرگانانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان وتی: سەرەڕای ئەوەی کە لە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سەدام دەرگاکانی هەرێمی کوردستان بە ڕووی بازاڕەکانی جیهان کراوەتەوە بەڵام ئێمە هەموو کات هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران داوە.
ئەحمەد عەلی محەممەد وتی: دەستخۆشی لە هەوڵ و هاوکاری برایانی بڕیارگەی ڕەمەزان دەکەین، کاتێک ئێران لە هەرێمی کوردستان کۆنسووڵخانەی نەبوو و خەڵک بۆ هاتووچۆ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی ترسیان لە سەدام و ڕژێمی بەعس هەبوو، هاوکارییان دەکرد.
ناوبراو وتی: بە هۆی ڕژیمی بەعسەوە هاتووچۆی خەڵک و بازرگانان بە پاسپۆرت نەدەکرا بەڵام برادەران لە بڕیارگەی ڕەمەزان بە دەرکردنی بەڵگەی هاتووچۆ ئاسانکارییان دەکرد و لە ئێستاشدا پێویست بە دەرکردنی ڤێزە ناکات و لە داهاتووشدا دانیشتووانی هەر دوو لا دەتوانن بە کارتی نیشتمانی هاتووچۆ بکەن./.