بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تاهیر عێزەدین محەممەد لە کۆنفرانسی هاوبەشی ئابوری و بازرگانیی کرماشان و پارێزگا هاوسنورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کە ڕۆژی چوارشەممە 26 ی شوباتی 2025 لە کرماشان بەڕێوەچوو، وتی: بازاڕی 46 ملیۆن کەسیی عێراق لە بەردەستی ئێراندایە کە 6 ملیۆن و 500 هەزار کەسی لە هەرێمی کوردستاندایە و پێویستە ئێران ئامادەبوونی بەرچاوی لەم بازاڕەدا هەبێت لە بەر ئەوەی کە ڕکابەری بەهێزی وەک چین و تورکیا هەیە و دەستیان بە سەر ئەم بازاڕەدا گرتووە.
کردنەوەی خاڵی سنوریی سازان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە بوو کە ڕایگەیاند خاڵی سنوریی شۆشمێ دەبێت بکرێتە سنورێکی گەشتیاریی تایبەت و لە بواری بازرگانی لە نێوان هەڵەبجە و کرماشان دەبێت گرنگی بە خاڵی سنوریی سازان بدرێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هەڵەبجە وتی: ژێرخانی زۆر باش لە خاڵی سنوریی سازان بە تایبەت لە بواری ڕێگاوبان دابین کراوە و نابێت وەک 37 ساڵی ڕابردوو سەیری ئەم سنورە بکرێت و ئاسایشی سنورەکە بە تەواوی دابین کراوە.
تاهیر عێزەدین محەممەد بە ئاماژە بە نزیکبوونەوە لە ساڵیادی تاوانە دڕندانەکەی ڕژێمی لەناوچووی بەعسی سەدام و بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە، وتی: کەس وەک ئێران ناتوانێت لەوە تێبگات کە ئێمەی هەڵەبجەیی لە سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئەم وڵاتە و عێراق لە چ دۆخێکی دژواردا بووین./.