بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، توێژەرانی زانکۆیەک لە ئەمریکا لە توێژینەوەیەکدا بۆیان دەرکەوت کە ئەو کەسانەی زیاتر خۆراکی دەوڵەمەند بە ڤیتامین K دەخۆن کەمتر ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی دڵ هەیە.
دوو جۆر ڤیتامین K هەیە لەو خۆراکانەی که دەیخۆین: ڤیتامین K1 کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەوزە و زەیتی ڕووەکیدا هەیە و ڤیتامین K2 کە لە گۆشت و هێلکە و پەنیردا هەیە.
ئەم توێژینەوەیە دەریخستووە ئەو کەسانەی کە زۆرترین ڕێژەی ڤیتامین K1 یان هەبووە لە سەدا 21ی کەمتر بەرکەوتەی نەخۆشی دڵ بوون. هەروەها لە دۆخی ئەو کەسانەی کە ڤیتامین K2یان وەرگرتووە، مەترسییەکانی خەواندن لە نەخۆشخانە لە سەدا 14ی کەمتر بوو.
دکتۆر نیکۆلا بۆندۆنۆ، بەرپرسی گرووپی توێژینەوەکە ڕایگەیاندووە: ئەنجامەکان دەریدەخەن کە ڕەنگە ڤیتامین K زیاتر گرنگ بێت بۆ پاراستنی دڵ لە نەخۆشییەکان. هەرچەندە توێژینەوەی زیاترمان پێویستە بۆ ئەوەی بە تەواوی لەم پرۆسەیە تێبگەین، بەڵام ئێمە پێمان وایە کە ڤیتامین K خوێنبەرە سەرەکییەکانی جەستە دەپارێزێت./.