بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید، لە یاری شەوی ڕابردوو بەرامبەر ڕیاڵ بێتیس، نزیکەی نیو کاتژمێر ڕێگەی بە ئاردا گۆلەر دا کە یاری بکات. بەڵام ئاستێکی زۆر نزمی پیشاندا و ئێستاش گومان لە بەردەوامبوونی ئەو هەیە.
ئاردا گۆلەر بەرامبەر ڕیاڵ سۆسیداد و ڕیاڵ بێتیس یاری کرد، بەڵام ئاستەکەی نەک هەر کەسی ڕازی نەکرد، بەڵکوو هاندەرانی یانەی ڕیاڵ مەدرید گومانیان لێکرد کە ئایا ئەو ئامادەیە بۆ ڕیاڵ مەدرید یاری بکات یان نا. کەس گومانی لە بەهرەی ئاردا گۆلەر نییە، بەڵام دەبێت بتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە پێکهاتەی تیپەکەدا بگێڕێت.
کارلۆ ئەنچیلۆتی چەندین جار ڕوونی کردووەتەوە کە ئەگەر ئاردا گۆلەر یاری نەکات، لەبەر ئەوەیە کە دەبێت لێهاتووییەکانی زیاد بکات. ئەمە دەربڕینێکی ناڕاستەوخۆیە کە پیشان دەدات کە هێشتا گۆلەر لە تیپێکی پڕ لە یاریزانی سەرەکی توانای پێویستی نییە.
هێشتا گۆلەر هیچ شوێنێکی دیاریکراوی نییە لە پێکهاتەی تیپی ڕیاڵ مەدرید و هەروەها هیچ شوێنێکی لە پۆستەکاندا نییە کە رەنگە باشتر لە نێویاندا یاری بکات. ئاستی ئەم یاریزانە کەمترە لەوەی کە پێشبینی دەکرا، هەرچەندە هەموو کەسێک لە یانەی ڕیاڵ مەدرید هیواخوازە لە داهاتوودا یاریزانێکی یەکلاکەرەوە بێت./.