بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پارێزگای کرماشان زیاتر لە 371 کیلۆمەتر سنوری هاوبەشی لە گەڵ هەر دوو بەشی کوردی و عەرەبیی عێراقدا هەیە. 2 خاڵی سنوری فەرمی و 5 بازاڕچەی سنوریی هەیە و لە سەدا 40 ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە ڕێگای سنورەکانی پارێزگای کرماشانەوە دەکرێت.
عێراق ساڵانە 80 ملیار دۆلار هاوردەی هەیە و ئەمەش پیشان دەدات کە پارێزگای کرماشان دەتوانێت بە هۆی سنوری هاوبەشەوە پشکی بەرچاوی لە هەناردەدا بۆ ئەم وڵاتە هەبێت، ئەگەرچی هەندێک وڵاتی وەک چین و تورکیا بە توندی ڕکابەریی ئێران دەکەن.
لەم دۆخەدا کە سزا و گەمارۆکان بە سەر ئێراندا سەپێندراوە، پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، بە مەرجێک کە هەوڵێکی جیدی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستە سنورییەکان هەبێت.
هاوبەشی زمانی و کەلتوری لە گەڵ هەرێمی کوردستان یەکێک لە خاڵە گرنگەکانە تا بازرگانانی کورد بۆ چالاکی لە گەڵ پارێزگای کرماشان هان بدات، سەرەڕای ئەمە هەندێک کێشە و گرفت لە خاڵە سنورییەکاندا هەیە کە ڕەنگە لایەنی کورد و عێراقی لە بازرگانیکردن لە گەڵ کرماشان بێهیوا بکات.
کۆنفرانسی هاوبەشی بازرگانیی کرماشان و پارێزگا هاوسنورەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەچوو. لەو کۆنفرانسەدا هەندێک بابەت خرایە ڕوو کە پێویستە بەرپرسانی پارێزگای کرماشان هەوڵی جیدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن.
بۆ نموونە، ئەحمەد عەلی محەممەد ئەندامی دەستەی نوێنەرانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان و نوێنەری بازرگانانی ناوچەی گەرمیان، لەو کۆنفرانسەدا وتی: کاتێک بازرگانانی ئێمە دەیانەوێت بە ئۆتۆمبێلی خۆیان سەردانی کرماشان بکەن، لە سنورەکاندا 250 دۆلار وەک زەمان لەوان وەردەگیردرێت و پاساوەکەشی ئەوەیە کە ئەو پارەیە بۆ ڕێگەرییە لە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکەیان لە ئێراندا.
ناوبراو وتی: ئەم دۆخە لە هیچ وڵاتێکدا نییە و تەنیا لە ئێراندا ڕوو دەدات و دەبێت پرسیاری ئەوە بکەین کە ئۆتۆمبێلێک کە 100 هەزار دۆلار دەکات، ئەگەر کەسێک بیەوێت بیفرۆشێت نیگەرانی ئەو 250 دۆلارە دەبێت؟
ئەحمەد عەلی محەممەد هەروەها ڕەخنەی لە شێوازی بەڕێوەبردنی خاڵی سنوریی پەروێزخان هەبوو و وتی: بەداخەوە کە سووکایەتی و زوڵمێکی زۆر لە بازرگانان و شۆفێرانی عێراقی دەکرێت و بەڵگەی ئەمە ڕادەستی بەرپرسانی ئێرانی کراوە و هیوادارین ئەم دۆخە کۆتایی بێت.
ناوبراو سەبارەت بە ناوچەی ئازادی قەسری شیرین وتی: نرخی زەوی لێرەدا زۆر بەرزە، بۆ نموونە نرخی یەک هێکتار زەوی بە 600 هەزار دۆلار دانراوە، ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئەگەر ناوچەی ئازادی قەسری شیرین گەشەی هەبێت دەبێت لە نموونەی دۆبەی کەڵک وەربگرێت، وەبەرهێنەرێک کە لەم ناوچەیەدا وەبەرهێنان بکات دوا جار ناتوانێت بینا و کارگەکەی لە گەڵ خۆیدا ببات.
لە درێژەدا محەممەد سامی تەمیمی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دیالە، کەرتی تایبەتی نافەرمی ئێران و هەناردەی کاڵای بێ کوالیتیی لە ڕیزی کێشەکاندا ناو برد و وتی: ئەم دۆخە زیانی بۆ ناوبانگی کۆماری ئیسلامی ئێران داناوە و دەبێت ڕێگریی لێبکرێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە هەندێک براندی بەکوالیتی ئێرانی لە عێراقدا وتی: هەندێک لەم براندانە بۆ عێراقییەکان بە تەواوی ناسراون و نابێت بە هەناردەی کاڵای بێ کوالیتی سووکایەتی بە دانیشتووانی عێراقەوە بکرێت.
هەروەها تاهیر عێزەدین محەممەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجەش وتی: هەڵەبجە لە 70 ساڵی ڕابردوودا ناوەندی بازرگانی لە گەڵ کرماشان و کوردستان بووە بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا سنورێکی چالاکی بازرگانی لە نێوان هەڵەبجە و ئێراندا نییە.
ناوبراو داوای کردنەوەی خاڵی سنوری سازانی کرد و وتی: درووستکردنی پرد و ڕێگای تایبەتی سنورەکە لە بەشی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی بەڵێندەر کراوە بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران وەک 37 ساڵی ڕابردوو دەڕوانێتە ئەم سنورە، لە کاتێکدا کە ئاسایشی سنورەکە بە تەواوی دابین کراوە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە وتی: هەرێمی کوردستان 7 ملیۆن دانیشتووی هەیە و لە ئێستای گەمارۆکانی ئێراندا دەتوانێت دەرفەتێک بۆ هەناردە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ ئەم وڵاتە بێت.
وتیشی کە خاڵی سنوریی سازان ئەگەر دەرگایەکی بچووکیش بێت، بۆ دەربازبوونی ئێران لەم دۆخەی سزا و گەمارۆکان بە گرنگ دادەنرێت.
لە کۆتایی ئەو کۆنفرانسەدا مەنوچەهر حەبیبی پارێزگاری کرماشان وتی: بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی بازرگانان لە سنورەکانی پارێزگای کرماشان، بەشێک لە دەسەڵاتەکان ڕادەستی ژووری بازرگانی کراوە و سەرجەم گرێبەست و ڕێکەوتنەکانی ژووری بازرگانی لە گەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕەزامەندی منیشی لە سەر دەبێت، بە هیوای ئەوەی کە کێشە و گرفتی سنورەکان چارەسەر بکرێت./.