بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پرۆتین ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە گەشەکردندا و لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی چاککردنەوەی ماسولکەکان و باشترکردنی کاری سیستەمی بەرگری لەش. هەروەها کالیسیۆم و ڤیتامین D و مەگنیسیۆم و فسفۆر بەشدارن لە تەندرووستی ئێسک و زۆر گرنگن بۆ گەشەکردنی درووستی باڵا.
ئەو پێنج خۆراکەی کە بۆ بەدەستهێنانی باڵای خوازراو بەسوودن بریتین لە:
1- ماسی سەلەمون:
ماسی سەلەمون دەوڵەمەندە بە ترشە چەورییەکانی ئۆمێگا 3. هەروەها مادەی خۆراکی دیکەش تێدایە وەک پرۆتین، ڤیتامینەکانی B، ڤیتامین D، سیلینیۆم و پۆتاسیۆم. ڤیتامین D یارمەتی گەشەکردنی ئێسک دەدات بە زیادکردنی مژینی کالیسیۆم لە ڕیخۆڵەدا.
2- ماست:
ماست رێژەیەکی زۆر پرۆتینی تێدایە، هەروەها کالیسیۆم و مەگنیسیۆم و فسفۆر و پۆتاسیۆم.
3- هێلکە:
هێلکە دەوڵەمەندە بە پرۆتین و ڤیتامینD، لە گەڵ چەندین خۆراکی گرنگی دیکە، لەوانە ڤیتامین B12 و فۆلات. ڤیتامین D مژینی کالیسیۆم زیاد دەکات بۆ یارمەتیدانی پاراستنی تەندرووستی ئێسک. توێژینەوەکان دەریدەخەن خواردنی هێلکە پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی باڵاوە هەیە.
4- شیر:
شیر پرۆتینی باشی تێدایە، لە گەڵ چەندین ماددە خۆراکی دیکەش، لەوانە کالیسیۆم، فسفۆر و مەگنیسیۆم، کە گرنگە بۆ تەندرووستی ئێسک و یارمەتی گەشەکردن و زیادکردنی باڵا دەدات.
5- گۆشتی سوور:
گۆشتی سوور یەکێکە لە باشترین سەرچاوەکانی پرۆتین کە بڕێکی زۆر ئاسن و زینکی تێدایە کە کاریگەری باشی هەیە بۆ زیادکردنی باڵا. هەرچەندە گۆشتی سوور ماددەیەکی خۆراکی زۆر بەسوودە بۆ زیادکردنی باڵا، بەڵام پێویستە ئەوەت لەبەرچاو بێت کە نابێت گۆشتی سووری زۆر بەکاربهێنیت./.