بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لەو چاوپێکەوتنەدا وتیان: ئێمە ناتوانین لە پرسە جۆربەجۆرە سیاسی و ئابورییەکانمان و لە پرسەکانی دیکەدا شوێنکەوتووی بنەماکانی شارستانیەتی پارەپەرستی ڕۆژئاوا بین. شارستانیەتی ڕۆژئاوا ئەڵبەت تایبەتمەندی هەیە و لەمەدا هیچ گومانێک نییە، لە هەر شوێنێکی جیهان، لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و دوور و نزیک، لە هەر شوێنێک تایبەتمەندییەک هەبێت کە ئێمە کەڵک وەربگرین، دەبێت وەها بکەین، لەمەدا هیچ دوودڵییەک نییە، بەڵام ناتوانین پشت بە بنەماکانی ئەو شارستانیەتە ببەستین کە دژی بنەماکانی ئیسلامە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: پیرۆزییەکانی ئەو شارستانیەتە، شتێکی دیکەیە، ئەوان لە ڕووی یاسایی، کۆمەڵایەتی و میدیایی و هتد، بە شتێک دەگەن کە ئێوە لە بیرکردنەوەشی هەست بە شەرمەزاری دەکەن، ئێوەی موسڵمان و ئاشنا لە گەڵ قورئان نابێت پشت بەم بنەمایانە ببەستن.
بەڕێزیان وتیان: ڕۆژئاوا پێوەری دژ بە یەک پەیرەو دەکات و ئەمەش بانگەشەکانی ئەوان ڕیسوا دەکات. ئەوان بانگەشەی ئازادی میدیای و ڕادەربڕین دەکەن. بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بە وڵاتانی ڕۆژئاوا ناتوانن ناوێکی شەهیدان هەنیە، سولەیمانی و نەسروڵڵا ببینن.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: دەتوانن لە بەرامبەر ئەو هەموو تاوانە لە فەڵەستین و لوبنان کرا، ناڕەزایەتی دەرببڕن؟ دەتوانن حاشا لەو ڕووداوانە بکەن کە بانگەشەی بۆ دەکەن لە لایەن هیتلەرەوە بەرامبەر بە جولەکەکان کراوە؟ ئەمە ئازادی ڕادەربڕینی ئەوانە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: پێداگری هەندێک لە وڵاتانی زلهێز بۆ دانوستان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە، بەڵکوو بۆ سەپاندنی داواکارییەکانی ئەوانە. کۆماری ئیسلامی ئێران بە دڵنیاییەوە داواکارییەکانی ئەوان قبووڵ ناکات.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: ئەوەی کە ئەورووپییەکان دەڵێن ئێران پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە، درۆیە. کوێربوون و گەمژەیی سنورێکی هەیە./.