کاوە عەلی کەریم ئەندامی ئێستای پەرلەمانی کوردستان لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی پارێزگای هەڵەبجە لە گەڵ پارێزگای کرماشان، وتی: یەکەم کۆبوونەوە لە گەڵ بەرپرسانی پارێزگای کرماشان لە مانگی شوباتی ساڵی 2019 لە شاری کرماشان بەڕێوەچوو و یادداشتێکی چەند خاڵی لە نێوان هەر دوو لا واژۆ کرا، ناوەڕۆکی ئەو یادداشتەش ئەوە بوو کە هەر دوو لا پەرە بە دەروازە سنورییەکانی شۆشمێ و پشتە بدەن و کار بۆ کردنەوەی دەروازەی سازانیش بکرێت. دواتر دوو کۆبوونەوەی دیکە ئەنجام دراوە، یەکێک لە دیوانی پارێزگای هەڵەبجە و ئەوی دیکە لە دەروازەی سنوری پشتە کە لە ساڵی 2020 دا کرا و ئامانج لە کۆبوونەوەکانیش جەختکردنەوە لە سەر جێبەجێکردنی یادداشتی لێکتێگەیشتنی پێشوو و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بووە. ساڵی 2024 کۆبوونەوەیەکی دیکە لە نێوان هەر دوو پارێزگار و شاندەکانی هەڵەبجە و کرماشان لە هەڵەبجە کرا و ماوەیەکی دوور و درێژە پەیوەندییەکان بەردەوامن.
ناوبراو وتی: پەیوەندییەکانی نێوان هەڵەبجە و کرماشان لە ڕووی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکاندا بەرەوپێشچوونی هەبووە و هاتووچۆی خەڵک و گەشتیارانیش زیادی کردووە، بەڵام بۆ کردنەوەی دەروازەی سنوریی سازان هەنگاوەکان بە پێی پێویست نین، ئەم دەروازە سنورییە باشترین پێشنیارە بۆ هەر دوو لا و لە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بۆ سلێمانی، وەک هەڵەبجە نامەیەکی ڕادەست کرا. کردنەوەی ئەم دەروازە سنورییە دەتوانێت بوژانەوەیەکی گرنگ بۆ هەڵەبجە و کرماشان بێت.
جێگری پێشووی پارێزگاری هەڵەبجە لە درێژەدا وتی: لە کۆبوونەوەکاندا باس لە دۆسیەی ئاوارەکانیش کراوە کە کاتی خۆی لە ساڵی 1988 سەردانی ئێرانیان کردووە، لەو کاتەدا هەموو هەڵەبجە پەنایان بۆ ئێران برد، داواکارییەک هەبووە کە بە شێوەیەکی ئیداری بۆ مەلەفە پەیوەندیدارەکان هاوکاری بکرێت تا زیاتر لە سەر هاووڵاتیان نەکەوێت و دەستێوەردان لەو مەلەفانەشدا نەکرێت. چەند جارێک ئەم بابەتە لە گەڵ پارێزگاری کرماشان و سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی باس کراوە بەڵام بە ئەنجام نەگەیشتووە.
کاوە عەلی وتی: کردنەوەی دەروازەی سنوریی سازان بابەتێکی گرنگە، ئەگەر ئەم پارێزگارەی کرماشان بتوانێت کاری جیدی لە سەر بکات، ئیش و کارەکان لە کۆنسووڵخانە بەرەوپێش ڕۆیشتووە و داواکارییەکە ڕادەستی سەرۆک کۆمار کراوە کە ئێستا لای وەزیری ڕێگاوبانی ئێرانە، ئەگەر کار لە سەر ئەم بابەتە بکرێت هەر دوو پارێزگا سوودمەند دەبن.
ناوبراو وتی: لە سەردانەکەی ئەمجارەی پارێزگاری کرماشان، باشترە یادداشتەکانی پێشوو وەک بنەمایەک دابنرێن.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد