بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لێژنەی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە سوپای ڕژێمی زایۆنیستی دامەزراوە تەندرووستییەکانی غەززەی لەناوبردووە و ڕێگریی لە گەیشتنی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی بۆ ئەم ناوچەیە کردووە.
لە ڕاپۆرتێکی ئەو لێژنەیەدا هاتووە کە دیلە فەڵەستینییەکان لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە ڕوبەڕوی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە و سووکایەتییەکی زۆر بەوان کراوە.
لێژنەکە ڕایگەیاندووە کە ئەمڕۆ ئەو منداڵانەی لە غەززە لەدایک دەبن، چ لە سەردەمی کۆرپەلەیی و چ لە پاش گەورەبوون، لە گەڵ ئەو منداڵانەی ڕوبەڕوی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە، سەرما، برسێتی و نەبوونی پێداویستی پزیشکی بوونەتەوە، مەترسی مردنیان لە سەرە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە کردەوەی نایاسایی لە دژی ژنان و پیاوانی فەڵەستینی ئەنجام دراوە، وەک توندووتیژی سێکسی و هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی کە بووەتە بەشی سەرەکی کاری ڕۆژانەی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی./.