بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئالی نەهیان وەزیری دەرەوەی ئیمارات، لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە تایبەت دەستپێکردنەوەی کۆمەڵکوژی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە و هێرشەکانی ئەمریکا لە دژی یەمەن، وتووێژ و بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئیدانەی تاوان و دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکای لە غەززە و یەمەن کرد کە بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی سەدان کەس و ڕایگەیاند کە پێویستە وڵاتانی ئیسلامی لە بەرامبەر ئەم تاوانانەدا هەنگاوی بەپەلە و یەکگرتوو هەڵبگرن.
عێراقچی سەبارەت بە بەردەوامی لاوازیی هەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگای جیهانی لە بەرامبەر تاوانەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی هۆشدارییدا و داوای ئەوەیکرد کە وڵاتانی ناوچەکە لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا هەوڵێکی جیدییان هەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئیماراتیش لەو پەیوەندییە تەلەفوونییەدا دۆخی ئێستای ناوچەکەی بە مەترسیدار و جێی نیگەرانی ناو برد و جەختی لە سەر پێویستی ڕاوێژی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان کردەوە./.