بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میدیا وەرزشییەکانی ئیسپانیا ڕایانگەیاندووە یانەی ڕیاڵ مەدرید چاوەڕێی ئەوە دەکات کە دۆخی دادوەریی ئەسنسیۆ دیاری بکرێت و تا ئەو کاتەش لە گەڵ ئەم یاریزانە دانوستان ناکات. ئەم هەواڵە لە هەمان ڕۆژدا بڵاوکرایەوە کە لویس دێلا فوێنتێ ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ئەسنسیۆی بۆ یاری بەرامبەر هۆڵەندا لە پێکهاتەکەی تیپەکە دوورخستەوە.
ئەسنسیۆ بە هۆی تۆمارکردنی ڤیدیۆیەکی ناشرین لە کەسێک ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە. گرێبەستی ئێستای ئەسنسیۆ لە گەڵ یانەی ڕیاڵ مەدرید تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بەردەوامە و مەرجی کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی 50 ملیۆن یۆرۆیە. یانەی ڕیال مەدرید بەنیازە کاتێک ئەم کێشە چارەسەر بکرێت گرێبەستەکەی تا ساڵی 2030 درێژبکاتەوە، مەگەر کێشەکانی دادوەری ئاڵۆزتر ببن.
یانەی ڕیاڵ مەدرید هیوادارە کێشەی ئەسنسیۆ چارەسەر بکرێت و بتوانێت لە داهاتوودا ئەم بەرگریکارەی هەبێت. پێشتر ئەسنسیۆ لە کەمپی هەڵبژاردەی ئیسپانیا ڕایگەیاندبو ” دەمەوێت گرێبەستەکەم لە گەڵ ڕیال مەدرید درێژ بکەمەوە و بۆ ئەم یانەیە یاری بکەم. ئامانجی من یاریکردنە بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی و بردنەوەی چامپیۆنزلیگ لە گەڵ ڕیال مەدرید “./.