بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: ڕێکەوتنی ناوەکی بەم شێوە و دەقی ئێستاوە زیندوو ناکرێتەوە و لە بەرژەوەندی ئێمەشدا نییە، دۆخی ناوەکیی ئێمە پێشکەوتووتر بووە و ناتوانین بۆ دۆخی ڕێکەوتنی ناوەکی بگەڕێینەوە، سزا و گەمارۆکانی لایەنی بەرامبەریش هەروایە، بەڵام ڕێکەوتنی ناوەکی دەتوانێت بەردەوام وەک بنەمایەک بۆ دانوستانەکان بێت.
ناوبراو وتی: ئەوەی کە بڵێین لە ڕووی ستراتیژییەوە دانوستان ناکەین، وا نییە. وەک چۆن بەردەوام دانوستانمان کردووە و تا ئەم ماوەیەش هەر هەبووە. تەنانەت لە ئێستادا لە گەڵ سێ وڵاتی ئەورووپی دانوستان دەکەین، لە ڕاستیدا ئەمەش جۆرێک لە دانوستانی ناڕاستەوخۆیە لە سەر دۆسیەی ناوەکی ئێمە.
عێراقچی وتی: ئێمە لە گەڵ سێ وڵاتی ئەورووپی دانوستان دەکەین کە هەمان مۆدێلی پێشووی ڕێکەوتنی ناوەکیمان هەبێت، کە واتە متمانە درووست بکەین و ئەوانیش سزاکان هەڵبگرن.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئەگەر بۆ هەلومەرجی ئەو کاتە بگەڕێینەوە، بە دڵنیاییەوە هەمان ڕێگا دەگرینەبەر، بەڵام ئاساییە کە بەم ئەزموونانەی ئێستاوە، ڕەنگە هەندێک دەستکاری و گۆڕانکاری هەبێت./.