بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەوانەیە وا دەربکەوێت کە ئەلزەهایمەر نەخۆشییەکی حەتمی بێت و هەموو کەسێک لە گەڵ زیادبوونی تەمەندا تووشی دەبێت. بەڵام دکتۆر ئۆما نایدۆ، پسپۆڕی خۆراک و شێوازی ژیان لە نەخۆشخانەی گشتی ماساچۆستس، ڕایەکی جیاوازی هەیە.
ئەو لە گۆڤاری بەریتانی Today نووسیویەتی کە هەندێک هۆکار هەن کە بە تەواوی لە بەردەستتدان بۆ ڕێگریکردن لە تووشبوون بەم نەخۆشییانە، لەوانە هەڵبژاردنی خۆراک. دکتۆر نایدۆ پێشنیاری زیادکردنی توو، زەیتی زەیتوون، سەوزە و ئۆمیگا 3 و بەهارات لە ناو خۆراک دەکات بۆ بەهێزکردنی تەندرووستی مێشک.
1- جۆرەکانی توو:
دژە ئۆکسێنەر و پێکهاتەی بەسوودی تری تێدایە کە کارایی یادەوەری بەرز دەکاتەوە. بە هۆی زۆری ڕیشاڵ، ڤیتامینەکان و کانزاکانی ناو توو، تەندرووستی مایکرۆبیۆم زیاد دەکات و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی هەوکردن.
2- زەیتی زەیتون:
بەکارهێنانی زەیتی زەیتوون پەیوەندی بە کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە ئەلزەهایمەری هەیە چونکە پێکهاتەکانی ئەم زەیتە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پرۆسەی سرووشتیی پاککردنەوەی خانەکانی مێشک.
3- سەوزەکان:
سەوزە گەڵادارەکانی وەک سپێناخ و چەوەندەر، کە ڕێژەیەکی زۆریان لە فۆلێت هەیە، یەکێکن لە باشترین خۆراکەکان بۆ مرۆڤ. ئەو کەسانەی کە فۆلێتی پێویست وەرناگرن، جۆرێکە لە ڤیتامین B9، لەوانەیە زیاتر تووشی نەخۆشی دەماری و دەروونی وەک خەمۆکی بن.
4- ئۆمیگا 3:
هەندێک توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئۆمیگا 3 یارمەتی خانەکانی مێشک دەدات و مەترسی تووشبوون بە ئەلزەهایمەر کەم دەکاتەوە. سەرچاوەکانی ئۆمیگا 3 بریتین لە ماسی و چەرەسات.
5- بەهارات:
بەهاراتە جۆراوجۆرەکانی وەک زەردەچەوە، بیبەری ڕەش، دارچین، زەعفەران، ڕۆزماری و ….. تام و چێژ بە خوراکمان دەبەخشن، لە هەمان کاتدا هەریەکەیان تایبەتمەندی بۆ تەندرووستی مێشک و تەنانەت بەهێزکردنی مەزاجیان هەیە./.