بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، توێژینەوەکان دەریدەخەن هەندێک ڤیتامینەکان لە بەهاردا زۆر گرنگن و کەمی ڤیتامینەکان کاریگەری لە سەر تەندرووستی جەستەیی و دەروونی هەیە. هەستیاری وەرزی و ڤایرۆسەکان لە بەهاردا بەربڵاون و ڤیتامینەکان یارمەتی جەستە دەدەن که بەرگری لەم مەترسییانە بکات.
ڤیتامینەکان وەک فاکتەرێکی سەرەکی بۆ پاراستنی تەندرووستی، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری، زیادکردنی وزە و خۆگونجاندن لە گەڵ بارودۆخی نوێ لەم وەرزەدا.
ڤیتامینە گرنگەکان لە وەرزی بەهاردا بریتین لە:
1- ڤیتامین C:
ئەم دژە ئۆکسێنەرە بەهێزە سیستەمی بەرگری جەستە بەهێز دەکات و هەوکردنی هەستیاری وەرزی کەمدەکاتەوە. کیوی، شلیک و بیبەر سەرچاوەی دەوڵەمەندی ئەم ڤیتامینەن.
2- ڤیتامین D:
کاتێک تیشکی خۆر کەم دەبێتەوە لە وەرزی زستاندا، ڕێژەی ئەم ڤیتامینە دادەبەزێت بەڵام لە وەرزی بەهاردا، تیشکی خۆری بەیانییان و خوراکی وەک ماسی و زەردێنەی هێلکە یارمەتیدەرن بۆ دابینکردنی ئەم ڤیتامینە.
3- ڤیتامین E:
پێست و خانەکانی لەش لە زیانەکانی وەک پیسبوونی هەوا و خۆر دەپارێزێت. چەرەسات، تۆوەکان و سپێناخی بەهاری دەوڵەمەندن بەم ڤیتامینە.
4- ڤیتامین B6:
بۆ بەرهەمهێنانی دەمارە گەێنەرەکان کە مەزاج و خەو ڕێکدەخەن زۆر گرنگە. مۆز، نۆک و مریشک سەرچاوەی باشی ئەم ڤیتامینەن.
5- ڤیتامین A:
یارمەتی تەندرووستی پێست و لووت و چاو دەدات کە لە بەهاردا هەستیارییان هەیە. گێزەر، کولەکە و سەوزە سەرچاوەی دەوڵەمەندی ئەم ڤیتامینەن./.