بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی نەورۆز کە بە ئامادەبوونی باڵیۆزان و دیپلۆماتکارانی بیانی لە تاران بەڕێوەچوو، بە ئاماژە بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە، لوبنان و سوریا و هێرشە نایاساییەکانی ئەمریکا لە دژی یەمەن، جەختی لە سەر پێویستی هاوکاری هاوبەشی وڵاتان بۆ کۆتایی هێنان بە ئێش و ئازارەکانی گەلی فەڵەستین و ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی لوبنان و سوریا کردەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە هەڵوێست و تێڕوانینی بەرپرسیارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر ڕووداو و گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، وتی: وەڵامی ئێران بۆ نامەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە پێی ناوەڕۆک و شێوازی نامەکەی ناوبراو بووە و لە هەمان کاتدا دەرفەتی دیپلۆماسیی پاراستووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: دانوستان لە گەڵ لایەنێک بەردەوام بە پێچەوانەی جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەڕەشە دەکات، هیچ واتایەکی نییە، بەڵام ئێمە پابەندی دیپلۆماسین و ئامادەین ڕێگای دانوستانی ناڕاستەوخۆ تاقیبکەینەوە./.