بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق محەممەد باقری بە ئاماژە بە ئۆپەراسیۆنە مووشەکییەکانی بەڵێنی ڕاستگۆیانەی یەک و دوو لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: ئێمە لە ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی بەڵێنی ڕاستگۆیانە، توانا و خاڵی بەهێز و لاوازی دوژمن و خۆمان دیاری کرد و لە کورتترین ماوەدا کێشە و گرفتەکانمان چارەسەر کرد و ئێستا بە دڵنیایی و بە پێی زانیارییەوە دەڵێم کە دۆخی سیستەمی بەرگری، ئاستی وەبەرهێنان و توانای مووشەکی، توانای درۆنی و کرۆزی ئێمە لە گەڵ ئۆپەراسیۆنەکانی بەڵێنی ڕاستگۆیانەی یەک و دوو و هەروەها هێرشەکەی ڕژێمی زایۆنیستی جیاوازییەکی زۆری هەیە.
ناوبراو سەبارەت بە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، وتی: جیهان دەبینێت کە ئەو بەدەر لە دوژمنان، لە گەڵ دۆستان و هاوپەیمانەکانیشی شەڕی هەیە.
باقری وتی: ترەمپ نامەیەکی بۆ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران نارد و بە پێی ڕێنماییەکانی بەڕێز ڕێبەری باڵا، وەڵامی ئەو نامەیە درایەوە و تێیدا هاتووە کە ئێمە شەڕمان ناوێت و دەستپێکەری شەڕ نابین بەڵام بە هەموو هێزێکەوە وەڵامی هەر هەڕەشەیەک دەدەینەوە، ئێمە ئاسایشی ناوچەکەمان دەوێت، لە دۆسیەی ناوەکیشدا چەکی قەدەغەکراومان ناوێت، دانوستانی ڕاستەوخۆ ناکەین بەڵام دانوستانی ناڕاستەوخۆ کێشەی نابێت، ئێوە لە دانوستانەکانی ڕابردوودا بێ بەڵێن بوون و هیچ متمانەیەک بە ئێوە نییە. ئەم وەڵامە گونجاوە بە هۆی ئەوە بووە کە خەڵکی ئێران و جیهان بزانن ستراتیژی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرگرییە لە بەرژەوەندییەکانی خۆی و پێشکەوتن و هەنگاونان بەرەو ئاسۆی دیاریکراو.
سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران وتی: ئێمە ئیرادەی ڕێبەری و ئیرادەی هێزە چەکدارەکانمان لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەڵێنی ڕاستگۆیانە پیشانداوە و ئەم ئیرادەمان پاراستووە و تەنانەت بەهێزتریش بووە و بە شێوازێک پلانمان داڕشتووە کە لە کەمترین ماوەدا بتوانین لافاوی تواناکانمان ببارێتە سەر دوژمناندا و وەڵامی هەر هەڕەشە و دەستدرێژییەک بۆ سەر خاک و بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، وێرانکەر و قەرەبوونەکراو دەبێت./.