بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەرتی تەندرووستی غەززە لە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی پارێزراو نەبووە. لە ڕاستیدا ئەم کەرتە بەشێکی سەرەکیی بۆردومان و هێرشە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 تا ئێستا بووە.
هێرشەکانی سەر کەرتی تەندرووستیی غەززە بە پێی بیانووی بێ بنەما و بانگەشەی درۆ بووە کە ڕاستییەکان و ڕاپۆرتی دامەزراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ، درۆبوون و نادرووستی ئەوانی بە دەیان جار سەلماندووە.
سوپای داگیرکاری زایۆنیستی لە دوایین نموونەدا ڕۆژی یەک شەممە نەخۆشخانەی ئەهلی مەعمەدانیی بۆردومان کرد کە بە جۆرێک دەتوانین وەک تەنیا نەخۆشخانەی کەرتی غەززە ناوی ببەین. لە ئاکامی ئەو هێرشەش چەندین بەشی نەخۆشخانەکە بە تەواوی ڕووخاوە و زیانی پێگەیشتووە.
درۆ و پڕوپاگەندەی زایۆنیستەکان سەبارەت بە نەخۆشخانەی شیفا
سوپای داگیرکاری زایۆنیستی بە شێوازی پلان بۆ داڕێژراو لە هەمان سەرەتای شەڕی غەززەوە ڕووخانی نەخۆشخانەکانی ئەم ناوچەیەی دەستپێکرد. کاتێک هێرشی کردە سەر نەخۆشخانەی شیفا وەک گەورەترین نەخۆشخانە و کۆمەڵەی تەندرووستی لە غەززە. پاش هێرشە وشکانییەکانی سوپای داگیرکاری زایۆنیستی بۆ سەر کەرتی غەززە، هێزەکانی ئەو ڕژێمە لە 16 ی تشرینی دووەمی 2023 بە هێرشی ئاسمانی و پاشان هێرشی سەربازی، نەخۆشخانەی شیفایان کردە ئامانج. سوپای داگیرکاری زایۆنیستی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە چەکی گرووپەکانی خۆڕاگری لەو نەخۆشخانەدایە و تونێلەکانیش کەوتوونەتە ژێر نەخۆشخانەکە.
زایۆنیستەکان پاشەکشەیان کرد و چەندین مانگ پاش ئەوە و بە دیاریکراوی لە 18 ی ئاداری 2024، دیسانەوە هێرشیان کردەوە سەر نەخۆشخانەی شیفا و لە ماوەی دوو هەفتەدا دەیان تاوانی دژە مرۆییان لەو نەخۆشخانەیەدا کرد و بە تەواوی نەخۆشخانەکە وێران کرا.
مادس گیلبرت پزیشکی نەرویجی کە بۆ ماوەی 16 ساڵ لە نەخۆشخانەی شیفا کاری کردووە، بانگەشەی زایۆنیستەکانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ڕژێمی زایۆنیستی هیچ کات بەڵگەیەکی بۆ سەلماندنی بانگەشەکانی نەخستووەتەڕوو.
ناوبراو ڕایگەیاند کە 16 ساڵە لە نەخۆشخانەی شیفا کار دەکات و هەموو شوێنێک گەڕاوە و وێنە و فیلمی گرتووە و لە گەڵ بەرپرسان و فەرمانبەرانیش قسەی کردووە و هیچ کات کەسێکی سەربازیی لەو نەخۆشخانەیەدا نەبینیوە.
زۆربەی نەخۆشخانە گەورەکانی غەززە بەم بیانووە بێ بنەماوە کرانە ئامانجی هێرشە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی. سوپای داگیرکاری زایۆنیستی بە ئەنقەست نەخۆشخانەی بەیت حانون ی کردە ئامانج. ئەوان هەروەها نەخۆشخانەی ئەندونیزیای غەززەیان کردە ئامانج و نەخۆشخانەکە بە تەواوی سووتا.
نەخۆشخانەی شەهید کەمال عودوان بە هەمان شێوە کرایە ئامانج و بەڕێوەبەر و فەرمانبەرەکانی لە لایەن سوپای زایۆنیستەوە بە دیل گیران. ئەوان نەخۆشەکانی ئەو نەخۆشخانەیان ئاوارە کرد و ژمارەیەک لەوان دەستگیر کران و پاشان نەخۆشخانەکە بە تەواوی وێرانکرا.
ئامارە فەرمییەکانی کەرتی غەززە پیشان دەدات کە بە گشتی ڕژێمی زایۆنیستی 36 نەخۆشخانە و دەیان ناوەندی پزیشکی و تەندرووستی حکومی و ئەهلیی لە ماوەی شەڕدا کردووە ئامانج.
پیلانی دەرکردنی فەڵەستینییەکان
زۆربەی شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدان کە هێرش و وێرانکردنی کەرتی تەندرووستیی غەززە پلانێکی پێشوەختەیە و ئامانجەکەشی جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرکردنی زۆرەملێی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە و گەیشتنی ڕژێمی زایۆنیستییە بە ئامانجەکانی تا فەڵەستینییەکان توانای مانەوەیان لە سەر خاک و نیشتمانی خۆیان نەبێت.
زایۆنیستەکان بۆردومانی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندرووستی و پزیشکییەکانیان کردووەتە ئامرازی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی نەتەوەیی لە غەززە. ئەم تاوانەش لە گەڵ تاوانەکانی دیکەی وەک ڕێگری لە گەیشتنی ئاو و خۆراک و سزادانی بەکۆمەڵی خەڵک درێژەی هەیە و ئەمریکاش پشتیوانی دەکات و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگای جیهانی بە گشتی لە بەرامبەر ئەم تاوانانە بێدەنگن./.