بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە شاندێکی بزوتنەوەی حەماس بۆ خستنەڕووی پێشنیاری نوێ بە ئامانجی ئاگربەستی درێژخایەن کە کۆتایی بە شەڕی غەززە بێنێت، سەردانی قاهیرە دەکات.
ڕۆیتەرز لە سەر زاری دوو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە پێشنیارەکە جێگیربوونی ئاگربەستی 5 و 7 ساڵە لە پاش ئازادکردنی سەرجەم دیلە زایۆنیستەکان لە غەززە و ڕاگرتنی شەڕ و بۆردومانەکان لەخۆدەگرێت.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا لە سەر زاری بەرپرسێکی حەماس ڕایگەیاندووە کە شاندێکی ئەم بزوتنەوەیە بە ئامانجی وتووێژ سەبارەت بە گەڕانەوەی ئارامی بۆ غەززە سەردانی قاهیرەی کردووە. شاندەکە بە سەرۆکایەتی خەلیل حەیە لە گەڵ بەرپرسانی باڵای میسر کۆدەبێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەندامێکی باڵای حەماس ڕایگەیاندووە کە ئاگای لەم سەردانە نییە و هەر ڕێکەوتنێک دەبێت کۆتایی بە شەڕ بێنێت./.